رووداو - هەولێر
سەرچاوەیەک لە هەرێمی عەفرینەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام شارۆچکەی جندرێسیان لە باشووری عەفرین کۆنترۆڵکردووە؛ سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤیش لە عەفرین دەڵێت: "لە بڵندگۆی مزگەوتەکانی شاری عەفرینەوە داوا لە خەڵک دەکرێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە".
رۆژی یەکشەممە، 19-6-2022 سەرچاوەیەک لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەکدارانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریای نزیک لە تورکیا لە شەڕەکەدا پاشەکشە دەکەن و دەستەی تەحریری شامیش شوێنەکانیان کۆنترۆڵ دەکات.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیبراهیم شێخۆ، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین میوانی بوولتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە جەعفەر موبەشرنیا پێشکێشیکرد و رایگەیاند: "بەیانی دوێنێ شەڕ لەنێوان دەستەی تەحریری شام و جەبهە شامیەی نزیک لە تورکیا لە گوندی بابێدا روویدا و کوژراو و برینداریشیان هەبوو؛ دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ، ژمارەیەکی زۆر چەکداری دەستەی تەحریری شام لە پارێزگای ئیدلبەوە بە چەکێکی زۆرەوە گەیشتنە شوێنی روودانی شەڕەکە."
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، ئێستا چەکدارانی تەحریری شام رۆژئاوای عەفرینیان کۆنترۆڵکردووە و گوتیشی: "چوار هاووڵاتی سڤیلیش کوژران و ئێستا شارۆچکەی جندرێس بەگشتی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو چەکدارانەیە".
سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین باسی لە ئەگەری هێرشی ئەو چەکدارانە بۆ نێوشاری عەفرین کرد و گوتی: "مەترسییەکی گەورە لە عەفرین هەیە بەوەی ئەو چەکدارانە بچنە نێوشارەکە؛ لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە داوا لە خەڵک دەکرێت لە ماڵی خۆیان نەچنە دەرەوە، نەوەک شەڕ و پێکدادان رووبدات".
لە سەرەتای ساڵی 2018دا سوپای تورکیاو هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرین و دوای دوو مانگ لە شەڕ و پێکدادان کۆنترۆڵیان کرد. بەگوێرەی لێدوانی سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین، تورکیا ئەمڕۆ سەربازەکانی لەسەر رێگەی عەفرین کشاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ