رێبەر ئەحمەد: بوونی چەکدارانی پەکەکە هۆکاری جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگالە

19-06-2022
گۆڤەند مستەفا
رێبەر ئەحمەد: نابێت چیدی خەڵک لە کەمپەکان باجی بوونی چەکدار و گرووپی بەدەر لە یاسا لە شنگال بدەن
رێبەر ئەحمەد: نابێت چیدی خەڵک لە کەمپەکان باجی بوونی چەکدار و گرووپی بەدەر لە یاسا لە شنگال بدەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، داوایان لە وڵاتان و کۆنسوڵخانەکان و حکومەتی فیدراڵ کردووە هاوکاربن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و ئاماژە بەوە دەدات، هۆکاری سەرەکی لە جێبەجێنەبوونی ئەو رێککەوتنەش "هەبوونی چەند گرووپێکی بەدەر لە یاسا و هەبوونی چەکدارانی پەکەکەیە لە شنگال، کە بوونەتە فاکتەری ناسەقامگیری لە ناوچەکە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-06-2022، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوابەدوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی راگەیاندنی بۆردی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "داوامان لە وڵاتان و کونسوڵخانەکان و حکومەتی فیدراڵ کردووە هاوکاربن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیتر بەسە لە چوارچێوەی هۆڵی کۆنفرانس و پڕۆژەکان دەربچین و بچینە بواری کرداری و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و لایەنەکانی دیکە بەو خەڵکەیان دابوو بەسەربەرزی بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان بە تایبەتی لە شنگال کە زیاتر لە 8 ساڵە لە کەمپەکان دەژین".
 
رێبەر ئەحمەد دەڵێت: "جێگەی داخە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەبووە، هۆکاری سەرەکیی ئەم جێبەجێ نەبوونەش هەبوونی چەند گرووپێکی بەدەر لە یاسا و چەکدارانی پەکەکەیە لە شنگال، کە بوونەتە فاکتەری ناسەقامگیری لە ناوچەکە، هیوادارین و داواشمان کردووە لە چەندین کۆبوونەوە بە شێوەیەکی فەرمی لە حکومەتی عێراق کە هیچ بیانووێک نەهێڵێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە، دەرئەنجام دەمانەوێت بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵکی ئێمەش بگەڕێتەوە و چیدیکە لە کەمپەکان نابێت باجی هەبوونی چەکدار و گرووپی بەدەر لە یاسا لە شنگال بدەن".
 
سەبارەت بە هاتنی ئەمڕۆی شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد گوتی: "ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەیان بۆ پیرۆزباییکردن بوو لە سوپاسالاری پێشمەرگە فەریق روکن عیسا عوزێر، هاوکات کۆمەڵێک سەردانی فەرمیان ئەنجامدا". 
 
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی شاندە باڵاکەی عێراق و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان "جەخت لە کێشە و گرفتە ئەمنی و سەربازییەکان کرایەوە کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت هەموو توانا مرۆیی و ماددییەکان بخرێتە ژێر دەستی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ ئەوەی هیچ کەلێنێک بۆ تیرۆریستان نەمێنێت و سوود لەو بۆشاییە وەربگرن کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەکان هەیە. جەخت لەوەش کرایەوە کە دەبێت هەموو لایەک هاوکاربن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال. هەردوولاشمان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە هەبوونی چەکدارانی بەدەر لە یاسا و چەکدارانی پەکەکە لە شنگال و شوێنەکانی دیکە فاکتەری ناسەقامگیرین و پێویستە کۆتایی بەو بارودۆخە بهێندرێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە