رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە رێوڕەسمێک بۆ 1600 ئافرەتی باڵاپۆش لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بەڕێوەچوو کە لەلایەن رێکخراوی قوتابیانی کوردستانی سەر بە کۆمەڵی دادگەرییەوە رێکخرابوو.
بیلال زەنگڵ کە وێنەکانی بۆ رووداو ناردوون لەبارەی رێوڕەسمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی بەشداربوون زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 15 ساڵاندایە.
ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە مەرج نییە تازە بڕیاری باڵاپۆشییان دابێت، بیلال زەنگڵ گوتی، ئەو کەسەی لە سێ ساڵی رابردوو باڵاپۆش بووبێت، توانیویەتی بەشداربێت.
رێوڕەسمەکە ناوی "شکۆی باڵاپۆشییە". بەشداربووانیش، پێشتر لە ناوەندە جیاوازەکانی سەر بە کۆمەڵی دادگەری وانەیان خوێندووە و بڕیاری باڵاپۆشییان داوە.
بیلال زەنگڵ گوتی، رێوڕەسمەکە لەلایەن ناوەندی پشدەری رێکخراوی قوتابیانی کوردستانەوە و بە هاوکاری مەڵبەندی رانیەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و ئۆفیسی رانیەی سەنتەری پەرەپێدانی لاوانەوە رێکخراوە.