ژینگەپارێزان: مەترسییەکی گەورە لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ شەممە بەشێک لە چالاکڤانانی بواری ژینگە لە سلێمانی، بە درووشمی جیاواز چوونە سەر شەقام و گردبوونەوە، ئەوان داوایانکرد رێگەچارەیەک بۆ ئەو یاساشکێنییەی وڵاتان بدۆزرێتەوە و بەرپرسانی پەیوەندیدار بە هانای سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بچن.
 
گردبوونەوەکە دووئامانجی لەخۆ گرتووە، لە لایەک دەیانەوێت هاونیشتمانیان هۆشیار بکەنەوە، لە لایەکیش روو لە حکومەت دەکەن و دەڵێن، سنوورێک بۆ یاساشکێنییەکانی وڵاتانی دراوسێ دابنێن و رێگری بکەن لە تۆپباران و گرتنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان.
 
گردبوونەوەکە بە گوتەی ئەو چالاکڤانانە، دوای بێئومێدبوونیانە لە هەوڵەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی وڵاتانی دراوسێ لە دروستکردنی بەنداو، گۆڕینی رێڕەوە ئاوییەکان و گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان.
 
چالاکڤانەکان دەیانەوێت دۆستانی ژینگە رابهێنن کە بەشێوەی دروست داوای پاراستنی ژینگە و بە هاناوەچوونی رووبار و ئاژەڵ و باڵندەکان بکەن و لە رێگەی کامپەینی جیاوازەوە ژینگەی هەرێمی کوردستان لەو قەیرانە رزگار بکەن کە تێی کەوتووە.
 
بەهۆی کەمبارانی، دروستکردنی بەنداو، گۆڕینی رێڕەوە ئاوییەکان و گلدانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان، ئاستی ئاوی بەنداوەکان رۆژانە دادەبەزێت، بەنداوی دەربەندیخان رۆژانە سێ بۆ چوار سانتیمەتر دادەبەزێت و 12 مەتر ئاستەکەی دابەزیوە.
 
هاوکات بەنداوی دووکانیش رۆژانە دوو بۆ سێ سانتیمەتر دادەبەزێت و بەراورد بە ساڵی 2020 هەشت مەتر ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە. ئاوی سەرچناریش کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی سلێمانییە 80% کەمی کردووە.