لە دوو رووداوی تەقەکردن لە سلێمانی کەسێک کوژرا و دووانی دیکەش برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی رووداوێکی تەقەکردنەوە لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی، کەسێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە. لە گەڕەکی خەباتیش، لە رووداوێکی تەقەکردندا کرێکارێک برینداربوو. 
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ ئەمشەو شەممە 19-6-2021، دوو کەس چوونەتە گەڕەکی هوانە و لەوێ تەقەیان لێکراوە، دوای برینداربوونیان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە. 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی زانیاریی زیاتری لەبارەی رووداوەکە باس نەکرد، تەنیا ئاماژەی بەوە دا کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
 
هەر ئەمشەو لە گەڕەکی خەبات لە رووداوێکی تەقەکردندا لە سلێمانی کەسێک بە گولـلەی بریندارکرا، برایەکی ئەو کەسەی بریندارکرا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسانەی تەقەیان لە براکەی کردووە، گرووپێکی چەکدارن کە پۆلیسیش دەستگیریان ناکات." رووداو تاوەکو ئێستا ئەو دەنگۆیەی پشتڕاستنەکردووەتەوە. 
 
ئەو کەسەی لە گەڕەکی خەبات بریندارکراوە پیشەی کرێکار بووە، بە گوتەی براکەی، لەسەر شەقام تەقەی لێکراوە و چەند گولـلەیەک بەر قاچ و رانی کەوتووە و لە نەخۆشخانەی شۆڕش چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.