نەسیر شەممە و هاوڕێکانی قەڵای هەولێر بە میوزیک ئاوێزان دەکەن

19-06-2019
رووداو @Rudawkurdish
نەسیر شەممە: خۆشحاڵدەبین گوێمان لە دەنگی چەپڵەڕێزانی جەماوەر بێت لە قەڵای هەولێر
نەسیر شەممە: خۆشحاڵدەبین گوێمان لە دەنگی چەپڵەڕێزانی جەماوەر بێت لە قەڵای هەولێر
نیشانەکردن كۆنسێرتی شارەكانی نێرگز نەسیر شەممە
A+ A-

رووداو - هەولێر

بڕیارە کاژێر 08:30ـی رۆژی پێنجشەممە 20-6-2019 کۆنسێرتی "شارەکانی نێرگز" لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەبچێت. تۆڕی میدیایی رووداو کۆنسێرتەکە سازدەکات و بەشداریکردن بێبەرامبەرە و هاتن بۆ هەمووانە، جگە لە منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ.

نەسیر شەممە، هونەرمەندی نێوداری جیهانی و باڵیۆزی رێكخراوی یونسكۆ لەگەڵ ژمارەیەک ژەنیارانی نێوداری جیهانی لە كۆنسێرتی شارەكانی نێرگز لەسەر قەڵای هەولێر بەشدارن.

لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی قەڵای هەولێر بۆ ئەم کۆنسێرتە، هەژار زەهاوی دەڵێت "تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ پیس بیڵدەرس ئەو كۆنسێرتە لە كۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ ، کە قەڵای هەولێرە سازدەكات، كە تائێستا ژیان تێیدا بەردەوامە، ئەمەش وەکو پاڵپشتییەکە بۆ مێژووی ئەم قەڵا دێرینە".

تۆڕی میدیایی رووداو كۆنسێرتە بە سپۆنسەریی هەریەک لە کۆمپانیاکانی كۆڕەك تیلیكۆم، كار گرووپ، دارین گرووپ، هۆتێل رۆتانا لەنێو قەڵای هەولێر سازدەکات.

نەسیر شەممە: ئامادەکارییەکان لە ئاست پێگەی شوێنەکە و جەماوەرە

نەسیر شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە زۆر دڵخۆشین، هەروەها خۆشحاڵین کە گوێمان لە دەنگی چەپڵەڕێزانی جەماوەر بێت لە قەڵای هەولێر، لە شوێنێک کە بە دێرینترین شوێن دادەنرێت کە مرۆڤایەتی تێیدا نیشتەجێبووە".

لەبارەی ئامادەکاری بۆ کۆنسێرتەکە، نەسیر شەممە دەڵێت "ئاستی ئامادەکارییەکانمان کە نزیکەی ساڵێکە ئەنجاممانداوە، لە ئاست پێگەی شوێنەکە و جەماوەرەکە دەبێت. ئێمە هیچ ترسێکمان نییە، چونکە هەموو ئەو ژەنیارانەی لەم گرووپە لەگەڵماندان لە بەهرەدارترین ژەنیارەکانن. بۆیە ئەم هەلە بۆ ئێمەش جێگەی خۆشبەختییە کە لەتەنیشت یەک میوزیک دەژەنین، هەر یەک لە ئێمەش چێژ لە توانای یەکدی وەردەگرین".

مانوێل سییەرا: ئەم وزەیە بۆ بونیاتنانی ئاشتییە

عەلی قەمسەری: بۆ من، ئەمە ئەزموونی ژیانە

عەلی قەمسەری، ژەنیاری تار و ئاوازدانەر لەبارەی کۆنسێرتەکەی سەر قەڵای هەولێر دەڵێت "زیاتر لە 20 ساڵە لە بواری میوزیکدا لە ئێران کاردەکەم، بەڵام ئەم ئەزموونە بۆ من تەنها ئەزموونی کۆنسێرت ئەنجامدان و بەشداریکردن لە گرووپێکدا نییە بەڵکو ئەزموونی ژیانە، چونکە ئەزموونی کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ کەسایەتیەکی گەورەی وەک مامۆستا نەسیر شەممە و ئازیزانی دیکە بۆ من زۆر سەرنجراکێشە. بۆ من شتێکی هەستهەژێنە کە لە قەڵای هەولێر بەشداربم، بەتایبەت لەبەر ئەو ژینگە تایبەتەی کە کۆنترین شوێنەواری نیشتەجێبوونە لە جیهاندا".

رۆبین ڤاسێ: هەشت ساڵە ئاشنای میوزیکی کوردی بووم



رۆبین ڤاسێ، ژەنیاری دەف و تەپڵ کە خەڵکی فەرەنسایە دەڵێت "ئەمساڵ دەبێتە هەشت ساڵ کە ئاشنای میوزیکی کوردی بووم و لەگەڵ کوردان میوزیک دەژەنم. یەکەم کەسیش کە توانی ئەم وڵات و ئەم میوزیک و کولتوورەی پێئاشناکردم حسێن زەهاوی بوو. ئەو بەشداری بە من کرد لە گرووپی نیشتمان و ئەوە هەشت ساڵە لەو گرووپە بەشدارم".

رۆبین ڤاسێ دەشڵێت "ناوی ئەم پرۆژە بونیاتنەرانی ئاشتییە لەگەڵ بەڕێز نەسیر شەممە کە کەسێکی گەورەیە و ژەنیاری عودە. ئەمە دەرفەتێکی بۆ من رەخساندووە کە لەگەڵ کەسانێک بەشداربم کە لە شوێنی جیاوازەوە هاتوون.. لەوانەیە پرسیار لەبارەی ئامێرەکانەوە بکەیت، ئەو ئامێرانەی من دەیانژەنم، یەکێکیان ئەمەیە کە لەجۆرێک کولەکە دروستکراوە، ئەو دووانەی دیکەش لەناو ئاو بەکاردەهێنم. لەپێش منیش ئامێرێک هەیە کە وەک پاتریەک وایە و بەپێ بەکاریدەهێنم. گرنگ ئەوەیە من ئامێری ئەفریقی بەکاردەهێنم بۆ ژەنینی میوزیکی رەنگاوڕەنگ، واتە تێکەڵەیەکە لە میوزیک".

ئەشرەف شەریف: ئەم پڕۆژەیە گرنگە چونکە جیهان بەرەو دابەشبوون دەڕوات

ئەشرەف شەریف خان، ژەنیاری خەڵکی پاکستان دەڵێت "زۆر دڵخۆشم کەلێرەم لە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ ئەستێرەی میوزیک نەسیر شەممە کۆنسێرت ئەنجامبدەین. من و نەسیر زۆر لەمێژە یەکدی دەناسین. ئەم پڕۆژەیە بەتایبەت لەم کاتەدا زۆر گرنگە، چونکە هەستێکم هەیە کە جیهان بەرەو دابەشبوون دەڕوات.  ئەم پڕۆژەش دەیەوێت هەموو جیهان پێکەوە کۆبکاتەوە، ئەگەرسەیر بکەیت، دەبینیت فەرەنسا، ئیسپانیا، ئێران و پاکستان بەشدارن. بۆیە ئەم پرۆژە بەڕاستی بۆ ئاشتی و خۆشەویستییە، من زۆر دڵخۆشم". 

ئەشرەف شەریف خان دەشڵێت "من چێژ لەمیوزیک وەردەگرم بێئەوەی گوێ بەوە بدەم ئاخۆ میوزیکی کام بەشەی جیهانە. بۆیە بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی ئەو کۆنسێرتە دەکەم کە لە شوێنێکی تایبەت و لە شارێکی تایبەت دەکرێت. هەروەک کەمێک لەمەوپێشیش بە نەسیرم گوت، ئێمە پاکستان و کوردستان برای یەکدین".

گواتا كامپۆ: لە هەر کوێ میوزیک هەبێت، ئاشتی هەیە



گواتا كامپۆ، ژەنیار کە خەڵکی ئیسپانیایە دەڵێت "من باوەڕم وایە ئەگەر شوێنێک میوزیکی لێبێت، ئاشتیشی لێیە، چونکە میوزیک ئاشتی بونیاتدەنێت، میوزیک هیچکات تووندئاژۆیی و تێکهەڵچوون ناهێنێتە ئاراوە. ئێمە ئێستا لەسەر خاکێکین کە هەمیشە میوزیک بەشێک بووە لێی، بەڵام کۆمەڵێک پرسی ئاڵۆزیش لەم ناوچە هەبوون، بۆیە ئێستا پێویستی بە دەنگی میوزیک هەیە تاوەکو بتوانێت ئاشتی لەگەڵ خۆی بهێنێت، دەنگی ئەم میوزیکە بەناو هەست و دڵی ئەو خەڵکە رۆدەچێت. میوزیک رێبەرێکی باشە بۆ هێنانی ئاشتی. ئێمە ئومێددەکەین بتوانین ژینگەیەکی وەها دروستبکەین تاوەکو خەڵک دەرفەتیان هەبێت دەمێکی خۆش بەسەرببەن و هەوڵبدەن لە یەکدی تێبگەن".

 

 

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە