گالەری

19-05-2024
23 Photos
محەممەد شکوور
رووداو دیجیتاڵ 

سێ خانی بازاڕی قەیسەریی کۆنی کەرکووک کە دووریی نێوان دووانیان 25 بۆ 30 مەتر دەبێت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سووتان، دووکانداران گومانیان لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە هەیە.
 
کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 19-5-2024) لە ئەنجامی سووتانی سێ خانی قەیسەریی کۆنی کەرکووک نزیکەی 100 دووکان و کۆگە سووتان. 
 
خانەکان لە ساڵی 1898ـەوە دروستکراون و سیستمی ئاگرکوژێنەوە لەنێو بازاڕەکەدا نییە. 
 
دووکان و کۆگەکان شوێنی فرۆشتنی جلوبەرگی منداڵ و ئافرەتان بوون. بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان دووکاندارەکان کەلوپەلی زۆریان هێنابوون و بەهۆی ئاگرەکەش، هیچیان بۆ رزگار نەبوو.
 
هەرچەندە هێشتا بەفەرمی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دووکاندارەکان نایشارنەوە کە بەگومانن لە رووداوەکە. ئەوەی گومانەکانیشیانی زیاتر کردووە ئەوەیە؛ باس لەوە دەکرێت ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە هەڵگیرسابێت، بەڵام دەگوترێت لەکاتی هەڵگیرسانی ئاگرەکە لە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان، کارەبا نەبووە.