راکان جبووری: ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک نامۆیە

19-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت رایدەگەیێنێت، نامۆیە دوو قەیسەری لە دوو شوێنی جیاواز لە هەمان خولەک بسووتێن. داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.
 
کاژێر 02:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 19-05-2024 لە ئەنجامی سووتانی سێ خانی قەیسەریی کۆنی کەرکووک نزیکەی 100 دووکان و کۆگە سووتان. ئاگرەکە زیانی گیانیی نەبووە و تەنیا زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لەکاتی بەسەرکردنەوەی شوێنەکە، قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی، "کارێکی نامۆیە، دوو قەیسەری لە دوو شوێنی جیاواز لە هەمان خوولەک بسووتێن."
 
خانەکان لە ساڵی 1898ـەوە دروستکراون و سیستمی ئاگرکوژێنەوە لەنێو بازاڕەکەدا نییە. راکان جبووری گوتی، "تیممان دروست کردووە، لە فەرماندەیی پۆلیس و لە لیژنەی ئەمنی، ئەم تیمە وردبینی دەکەن، ئەگەر خاوەنداری شوێنەکە دەوڵەت بێت، پارێزگا لە خێراترین کاتدا نۆژەن و چاکی دەکاتەوە."
 
دووکان و کۆگەکان شوێنی فرۆشتنی جلوبەرگی منداڵ و ئافرەتان بوون. بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان دووکاندارەکان کەلوپەلی زۆریان هێنابوو و بەهۆی ئاگرەکەش، هیچیان بۆ رزگار نەبوو.
 
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوە، جبووری رایگەیاند: "قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، پێویستە رێچکەی  یاسایی خۆی وەربگرێ و رێکارەکانیان تەواو بکەن. قەرەبووکردنەوەی خێرا بە رێکاری یاسایی دروست لە دەسەڵاتی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراقە."
 
جبووری رووی کردە سوودانی و گوتی: "رۆڵەکانتان لە کەرکووک، خاوەنی ئەم شوێنانە دووچاری ئەو رووداوە بوونەتەوە کە سەرچاوەی بژێویانە؛ وەک رێزلێنانێک بۆ خەڵکی کەرکووک و ئەو ئاسایش و پێکەوەژیانەی لە کەرکووک هەیە. رێزدار سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی هەیە لە بودجەی فریاگوزاریی قەرەبووی گونجاوی ئەمانە بکاتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی دادگای پەیوەندار بەرزی دەکاتەوە."
 
بە گوتەی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، داوایان لە تیمەکانیان کردووە ئەمڕۆ و سبەی ئامارەکان تەواو بکەن، لەگەڵ سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوە قسە دەکەن بۆ ئەوەی ژمارە لێکۆڵەرەکان زیاتر بکات بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان.
 
هەرچەندە هێشتا بەفەرمی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا نەکراوە؛ بەڵام دووکاندارەکان نایشارنەوە کە بەگومانن لە رووداوەکە. ئەوەی گومانەکانیشیانی زیاتر کردووە ئەوەیە؛ باس لەوە دەکرێت ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێت، بەڵام دەگوترێت لەکاتی رووداوەکە لە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان، کارەبا نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە