دادگەی فیدراڵی ئەمڕۆ تاوتوێی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی دەکات

19-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، تاوتوێی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە لە دژی سیستمی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان تۆماریکردووە.
 
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتن بۆ تاوتوێکردنی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
سکاڵاکە لە دژی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، کورسیی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان، تۆمارکراوە. داوا دەکات دادگەکە ئەو دابەشکارییەی کۆمیسیۆن کردوویەتی بە "نادەستووری" بزانێت و رێکارەکانی کۆمیسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگیرێن.
 
مەسرور بارزانی، کە رۆژی 6ـی ئایاری 2024، سکاڵاکەی تۆمار کردووە، داوایکرد دادگەکە مادە دووی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسەندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 بە نادەستووری بزانێت. 
 
لە مادەی دووی ئەو سیستەمە هاتووە:
 
یەکەم: هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە."
 
دووەم: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنانە دابەش دەبێت:
 
1- پارێزگای هەولێر: 34 کورسی
2- پارێزگای سلێمانی: 38 کورسی
3- پارێزگای دهۆک: 25 کورسی
4- پارێزگای هەڵەبجە: 3 کورسی
 
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا دەڵێت لەو سیستمەدا "پێشێلکاریی دەستووری" هەیە، جگە لەوەی بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان پشت بە ژمارەی دەنگدەران نەوەک ژمارەی دانیشتووان بەستراوە، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە نەهێشتنی کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان دژی چەندین بڕگەی دەستوورییە.
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی ئایاری 2024 کۆمیسیۆن سەرجەم رێکارە هونەری و داراییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگرت، دوای ئەوەی دادگەی فیدراڵی 7ی ئایاری 2024، داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی 2ـی سیستەمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024ی دا.
 
دوای ئەو سکاڵایە رۆژی دووشەممە، 13ـی ئایاری 2024، سێ سکاڵای دیکە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی و لایەنی کریستیان و پارێزەرێکەوە لە دژی نەهێشتنی کورسیی پێکهاتەکان و کریستیان تۆمارکران.
 
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە