وەزارەتی ناوخۆ: دوای 15ـی تەممووز هەر تاکسیەک لۆگۆ و کارتی زانیاری نەبێت، سزادەدرێت

19-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە تاوەکو رۆژی 15ــی تەممووزی ئەمساڵ هەموو تاکسییەکانی شار و شارۆچکەکان مامەڵەیان تەواوکردبێت و لۆگۆیان لە تاکسییەکانیان دابێت. دەشڵێت، دەبێت کارتی زانیاریی داواکراویان لە ناو تاکسییەکان هەڵبواسن، ئەگەرنا سزا دەدرێن.
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی لێدانی لۆگۆ و دەرهێنانی کارتی زانیاریی تایبەت بە تاکسییەکان، دوایین مۆڵەتی بە شۆفێرانی تاکسی دا و رایگەیاند: "دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (3018/ ک) لە 25/ 1 /2023 ئاسانکاری کرد تا ئەو کارمەندانەی کەرتی گشتی (مەدەنی و سەربازی) کە مووچەکانیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە بتوانن بەشێوەی یاسایی لە دوای دەوامی فەرمی شۆفێری تاکسی بکەن و ببنە خاوەن لۆگۆی تاکسی، هەفتەی داهاتوو لە پێناوی تەواوکردنی پرۆسەی لۆگۆی تاکسی کە بە گوێرەی فەرمانی سەرەوە حەوت مانگ دەرفەت دراو و رێگەدرا تاوەکو رۆژی 15ـی تەممووزی 2023، ئەوانەی لۆگۆیان نەکردووە یان لێیان کردووەتەوە، چەند رێنماییەک دەردەچن."
 
بەگوێرەی ئەو رێنماییەی وەزارەتی ناوخۆ، کە هەفتەی داهاتوو بڵاودەکرێتەوە، پێویستە:
 
1- هەموو تاکسییەک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 15ی تەممووزی 2023 مامەڵەی لۆگۆی تەواو کردبێت و لۆگۆکە لە تاکسیەکە درابێت.
 
2- سێ کارتی زانیاریی داواکراو لە ناو تاکسییەکانیان بەگوێرەی رێنمایی تایبەتمەند کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە بۆیان دروست دەکرێت، هەڵواسیبێت.
 
3- بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو بەروارە دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری پۆلیسی هاتووچۆ کە لە کاتی بینینی تاکسیی بێ لۆگۆ راستەوخۆ سزای دارایی بۆ بنووسێت (بە بڕی 40 چل هەزار دینار) و بە سیستم بۆی رەوانە بکرێت. 
 
4- هەر شۆفێرێکی تاکسی لە ماوەی مانگێک بڕی ئەو سزایەی دەکەوێتە سەری بەهۆی تەواونەکردنی لۆگۆوە یان سەرپێچیکردن بە دەستکاریکردنی لۆگۆ و کارتی زانیاریی تاکسییەکە، لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تایبەتمەند یەکلانەکاتەوە، سزاکەی دەبێتە دوو بەرامبەر.
 
5- هەروەها بەگوێرەی رێنماییەکە؛ تاکسیی ناوشار ناتوانێت لە هێلەکانی دەرەوەی شار کار بکات و تاکسیی هێڵەکانیش ناتوانن لە ناوشار کار بکەن.
 
وەزارەتی ناوخۆ داوا دەکات لەو ماوەیەدا شۆفێران بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی شارەکانیان بکەن بۆ تەواوکردنی لۆگۆی تاکسی، تا لە سزای دارایی و لێپرسینەوە خۆیان بپارێزن. 
 
پڕۆژەی لۆگۆی تاکسی، پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئامانج لێی ئامادەکردنی کەشێکی ئارامە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە رۆژانە تاکسی بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە شوێنی کاریان یان چوونە بازاڕ و شوێنی دیکە، هەموو زانیارییەکانی شۆفێری تاکسی لە لای بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی تایبەتمەند دەپارێزرێ و سەرنشین لەگەڵ سەرکەوتنی بۆ هەر تاکسییەکە، لە رێگەی ئەو کارتانەی زانیاری کە هەڵدەواسرێت، زانیاری لەبارەی شۆفێرەکە دەزانرێت.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆی 76 هەزار تاکسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 55 هەزاریان لۆگۆیان لێدراوە.
 
لە کۆی 34 هەزار تاکسی لە هەولێر 27 هەزار تاکسی لۆگۆیان وەرگرتووە و نزیکەی 7 هەزار تاکسی ماون کە لۆگۆیان وەرنەگرتووە.
 
لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی 27 هەزار تاکسی، 15 هەزار تاکسی لۆگۆیان وەرگرتووە و 7 هەزاریان مامەڵەی وەرگرتنی لۆگۆیان کردووە. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی 15 هەزار تاکسی؛ 13 هەزاریان لۆگۆیان وەرگرتووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو 15-07-2023 مۆڵەت دەداتە شۆفێرانی تاکسی بۆ ئەوەی لۆگۆی تاکسی وەربگرن، بە پێچەوانەوە لەدوای ئەو وادەیە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارەکان بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 1ی ساڵی 2019 رێنوێنیی رێکخستنی کاری شۆفێری تاکسی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان "دەستدەگرن بەسەر هەر تاکسییەک کە بێ لۆگۆ بێت."
 
لێدانی لۆگۆ و دەرهێنانی کارتی زانیاریی تاکسی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ساڵی 2019 دەستیپێکراوە، بەڵام بەهۆی کێشەی کۆرۆنا و کەرەنتین و راگرتنی داتابەیسەکەی وەستابوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە