هێزەکانی ئێران لە هەورامان گەمارۆی کۆڵبەران دەدەن

19-05-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سێ رۆژە ژمارەیەک کۆڵبەر لە ملەی تەتەی هەورامان لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە گەمارۆ دراون و رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەی هەورامانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، رۆژی چوارشەممە ژمارەیەکی زۆر کۆڵبەر لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای کرماشان و سنە لە رێگەی ملەی تەتەوە هەوڵدەدەن خۆیان بگەیێننە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران رێگەیان لێدەگرن و گرژی لەنێوان کۆڵبەران و هێزەکانی ئێران دروستدەبێت، بە تایبەت کۆڵبەرەکانی خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانی. دواتر هێزێکی زۆری پاسەوانی سنوور و سوپای پاسداران رەوانەی ناوچەکە کراون و گەمارۆی کۆڵبەرەکانیان داوە.
 
کەسێکی ئاگادار لەو رووداوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە رێگەی گەڕانەوە بە ژمارەیەک کۆڵبەر دراوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی دیکەیان لە شاخەکاندا ماون و رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە.
 
ملەی تەتە دەکەوێتە نێوان شارەکانی پاوە و مەریوان لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە. یەک لە رێگەکانی هاتووچۆی کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان. 
 
کۆڵبەران لەو رێگەیەوە زیاتر کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ و پۆشاک دەگوازنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و کرێی هەر جارێک هاتووچۆکردنیان، بە پێی کێشی بارەکەیان، لە نێوان 700 بۆ سەرووی یەک ملیۆن تمەنە، کە دەکاتە کەمتر لە 20 دۆلار. 
 
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ساڵی رابردوو 44 کۆڵبەر لە سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 کۆڵبەریش بریندار بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.