لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش ئاستی ئاوی ژێرزەوی تاوەکو 30 مەتر دابەزیوە

19-05-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی کێشەی بۆ جووتیارانی ئاکرێ دروستکردووە.
دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی کێشەی بۆ جووتیارانی ئاکرێ دروستکردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی بەشێک لە بیرەکانی ئاکرێ وشک بوون و ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 4 تا 30 مەتر دابەزیوە. 
 
دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی کێشەی بۆ جووتیارانی ئاکرێ دروستکردووە و بەشێکی زۆری ئەو کشتوکاڵەی پشت بە ئاوی ژێرزەوەی دەبەستێت مەترسیی وشکبوونی لەسەرە. 
 
ئەینی کەریم، جووتیارێکی گوندی سپیمالە لە قەزای ئاکرێ؛ یەکەم کەس بووە لە ساڵی 2009 بیرێکی ئیرتیوازی لە گوندەکە لێداوە و خانووی پلاستیکی داناوە. لەدوای 14 ساڵ بیرەکە وشکیکردووە کە پێشتر 10 خانووی پلاستیکی بۆ ئاودان پشتیان پێدەبەست. 
 
ئەینی کەریم دەڵێت، "پێش ئێستا ئەم بیرە بەردەوام چوار ئینج ئاوی ئاوی فڕێدەدا و وشکی نەدەکرد. ئێستا دوو خوولەک کاردەکات و وشک دەبێت. ئەگەر هەوڵێکی جیدی نەدرێت، بەرهەمی خەیارمان هەموو لەنێودەچێت. ئێستا ماتۆڕی ئاو لە بنی بیرەکە لەسەر زەوی کەوتووە."
 
زیاتر لە هەزار خانووی پلاستیکی لە گوندی سپیمال هەن. زۆربەیان بە خەیار چێندراون. ئێستا کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکەیەتی. دوو بیر لە گوندەکە بە تەواوی وشکیان کردووە و ئاوی دەیان بیری دیکەش کەمبووەتەوە. 
 
یووسف عەبدوڵلا یەکێکە لەو جووتیارانەی بیرە ئاوەکەی وشکی کردووە و زیانێکی گەورەی پێگەیشتووە. ئەو 52 خانووی پلاستیکیی هەیە و پێشتر بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە 20 تۆن خەیار بوو. 
 
یوسف دەڵێت، "ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئێمە نەدۆزرێتەوە، ئێمە 10 ماڵین و هەموومان باردەکەین. ئاو نەماوە و بەرهەمەکەمان لەنێوچووە."
 
لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەگوێرەی ناوچە جیاجیاکان، ئاستی ئاوی ژێرزەوی 4 بۆ 30 مەتر دابەزیوە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ چارەیەک بۆ کەمئاویی جووتیارانی سپیمال نەدۆزراونەتەوە. بەڕێوەبەری هۆبەی ئاوی ژێرزەوی لە ئاکرێش دەڵێت، جووتیاران گرێبەستی کشتوکاڵکردنیان نییە. 
 
گوندی سپیمال بە یەکێک لە گەورەترین گوندی بەرهەمهێنەری خەیار لە ئاکرێ دەناسرێت کە رۆژانە زیاتر لە 250 تۆن بەرهەمی خەیار دەخاتە بازاڕەوە. 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە