رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە کەرکووک بۆرییەکی گازی کۆمپانیای گازی باکووری تەقییەوە، بەهۆیەوە گواستنەوەی گازی Ab2 و Ab3 راگیرا.
ئەمڕۆ هەینی، 19-05-2023، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەقینەوەی بۆرییەکە لە کاتێکدابووە تیمی چاکسازی سەرقاڵی کارکردن بوونە لە بۆرییەکە و لەکاتی لەحیمدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە."
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، "رووداوەکە کردەوەی تێرۆریستی نییە یان دەستی کەسی لەپشتەوە نییە". دەشڵێت، بەهۆی تەقینەوەکەوە بۆریی گواستنەوەی بیری Ab2 و Ab3 بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان راگیرا.
هاوکات راید قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و هاوکاریکردنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی کۆمپانیای نەوت و گازی باکوور؛ دوو تیممان رەوانەکردووە و خۆشبەختانە توانیویانە کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک گوتیشی، "ئێستا تیمەکان لە هەوڵی چاککردنەوەی بۆرییەکەدان و ئەوەی مەترسی لەسەر بوو، تەشەنەسەندنی ئاگرەکەبوو بۆ دەخڵودانی جووتیاران لە سنووری باجوانی رۆژئاوای کەرکووک، بەڵام رێگری لە تەشەنەسەندنی کرا و لەژێر کۆنترۆڵدایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ