بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی ئامادەیە بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کۆچی دوایی رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "‏‎ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تاوەكو ‏‎بە هەموولایەکی رابگەیەنم یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان."
 
ئەمڕۆ هەینی، 19-05-2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان چووە سەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دواتر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ‏‎"‏‎ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر دەمەوێت بۆ گۆڕان قسە بکەم، کاتێک کێوێکی گەورەی وەک کاک نەوشیروان مێژوو و ناسنامەتان بێت، هەست بە ئومێد دەکەم و هیوایەک هەیە بۆ داهاتوو. کەواتە ئەمە دەبێت هاندەرمان بێت بۆ هەنگاوی گەورەتر."
 
بافڵ تاڵەبانی لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا دەشڵێت، "سەری رێز و وەفا لەبەردەم مێژووی پاکی دادەنەوێنم و ئەم رۆژە پڕخەمە بە شکۆوە بەرز رادەگرم". گوتیشی، "کاک نەوشیروان بیرمەند، سیاسەتمەداری کوردەواری و سەرکردەی شۆڕشی نوێ، قوتابخانەیەک بوو لە بیری نوێ، رۆشنفکری، بوێری و رچەشکێنی کاریزمایی رێکخراوەیی کە لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی کوردایەتیدا رۆڵی رابەرایەتی دەگێڕا و بەشێکی گرنگی سەرخستنی خەباتی چەکداریی گەلەکەمان بوو."
 
رۆژی 19-5-2017، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی ئەوکاتی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد. ئەمڕۆ هەینی، 19-05-2023، شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا تێدەپەڕێت.
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا نەوشیروان مستەفا بە "باوک نەک تەنیا بۆ منداڵەکانی، بەڵکو باوک بوو بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان" وەسف دەکات و دەشڵێت، "‏‎کاتێک باوکێکی وەک کاک نەوشیروان کە شاخێک بوو لە ورە، لەبەرامبەر رەشەبادا کێوێک بوو لە دڵنیایی و لە سێبەرەکەیدا ئارامی دەبەخشی، لە فکریشدا ئومێدی پێدەبەخشیت، بێگومان لە دەستدانی ئازاربەخشە، بەڵام بیروباوەڕی هاندەرە بۆ بەردەوامی. ‏‎من لە ئازاری بێباوکی بۆ نەوەکانی و گۆڕان تێدەگەم، چونکە من و کاک قوباد بەو ئازارەدا تێپەڕین."
 
سەرۆکی یەكێتی دەشڵێت، "‏‎هیوادارم گۆڕان و یەکێتی ئەو شاخە بن بۆ میلـلەتەکەمان، چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت و حاشاهەڵنەگرە کە لە دوا پڕۆژە و هەنگاوی سیاسی ژیانیان، سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون تا ئاستی یەکگرتنەوە و هەنگاوی گەورەشیان ناوە."
 
بافڵ تاڵەبانی پێیوایە یەکێتی و گۆڕان دەتوانن "ئامانج و خەونەکانی مام و کاک نەوشیروان بەدیبهێنین و پێکەوە تەواویان بکەین. ‏‎ئەمەش رێگە دروستەکەی خەبات و گەیشتنە بە ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکان."