وەرزی چاندنی برنجی کوردییە لە دەشتی هەریر؛ بەرهەمی ساڵانەی برنج لەو دەشتە زیاتر لە 600 تۆنە

19-05-2023
ئەندام جەبار
چاندنی برنج لە دەشتی هەریر و باتاس
چاندنی برنج لە دەشتی هەریر و باتاس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دەشتی هەریر و باتاس چاندنی برنجی کوردی دەستیپێکردووە. محەممەد ساڵح زیاتر لە 50 ساڵە کاری چاندنی برنج دەکات و دەڵێت، حکومەت هیچ هاوکارییان ناکات. بەرهەمی ساڵانەی برنج لەو سنوورە زیاتر لە 600 تۆنە.
 
محەممەد ساڵح، جووتیارە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "50-60 ساڵە ئێمە ئەو ئیشە دەکەین، تاوەکو ئێمە ئەو [برنج] دەخۆین، ئەو ئێمە دەخوات [مەبەستی ئەوەیە ماندووبوونی زۆرە] بەڕاستی زەحمەتە، حکومەتیش هیچ ئاوڕمان لێناداتەوە بەهیچ جۆرێک. ئاوەکەی ساردە و خاکەکەشی باشە، بۆیە خۆشتریشە لە هەموو برنجێک."
 
جیاواز لە دانەوێڵەی دیکە، برنج لە داچاندنییەوە تاوەکو کاتی دروێنە، دەبێت قەد و رەگەکەی بەردەوام لەناو ئاودا بێت. شێوازی داچاندن و بڕی تۆکردن بە نێو گۆڵە برنجەکان، ئەزموون و شارەزایی پێویستە.
 
زەینەدین محەممەد، جووتیارە و باس لەوە دەکات، "کە تۆوی برنج دەهاوێی، دەبێت نە زۆر بەتۆو بێت و نە بێ تۆو بێت، لەبەرئەوەی ئەگەر بێ تۆو بێت دەبێت دووبارە هەموو زەوییەکە بە شەتڵی برنج دابچێندرێتەوە، بەڵام ئەگەر یەک قیاس بێت شەتڵی ناوێت."
 
لە رووبەری 100 هەزار و 374 دۆنم زەویی دەشتی هەریر و باتاس، 450 دۆنمی دەکرێت بە برنج، بەرهەمی ساڵانەی برنج لەو ناوچەیە 600 تۆنە و کار بۆ ئەوە دەکرێت برنجی سنوورەکە بە براند بکرێت.
 
فەریق حەسەن، سەرۆکی بەشی کشتوکاڵی هەریر بە رووداوی گوت، "برنج یەکێکە لەو بابەتانەی لە سنووری کشتوکاڵی هەریر ئەگەر بتوانین پێشی بخەین ئەکید دەبێتە براندێک و دەتواندرێت هەناردەی دەرەوەش بکرێت وەکو براندێکی برنج لە سنووری بەشی کشتوکاڵی هەریر."
 
جگە لە هەریر و باتاس لە سنووری پارێزگای هەولێر؛ لە هەریەک لە دەشتەکانی شارەزوور و دەشتی بیتوێن لە سنووری سلێمانی، دەشتی ناوکوڕ لە سنووری ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان، هەروەها لە سنووری قەزای سێمێلیش لە پارێزگای دهۆک ساڵانە 45 هەزار دۆنم زەویی بە برنج دادەچێندرێن کە بەرهەمی ساڵانەیان نزیکەی 35 هەزار تۆن برنجە و ئەم رێژەیەش بەگوێرەی بڕی بارانبارین و کەمبوون و زیادبوونی ئاوی سەرزەوی؛ گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر. وێنە: ئەرشیڤی هەڵبژاردنی عێراق لە 10-10-2021

رووداو ناوی بەشێک لە بەربژێرە سەربەخۆکانی هەولێر بڵاودەکاتەوە

سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 37 کەس کۆدیان بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە و 25 کەسیان بەڵگەنامە و پێداویستییەکانی دیکەیان گەڕاندووەتەوە