رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆببنەوە، سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت "کۆبوونەوەکە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.5.2022 مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی سێشەممەی داهاتوو، دەستەی سەرۆکایەتیی لەگەڵ سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە، بۆ راوێژکردن و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.
رۆژی سێشەممەی رابردوو 17-5-2022، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان، بڕیاردرا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆببنەوە.
پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گرفتی لە نێوان لایەنەکاندا دروستکردووە. یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ داوا دەکەن یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و هەرێمی کوردستانیش دابەشبکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردندا. پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی ناوچەگەری تۆخ دەکاتەوە و فریای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیش ناکەون و دەبێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ