دوای پێنج مانگ کارەبا بۆ پێنج گوندی بەرواری باڵا لە سنووری دهۆک دەگەڕێندرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

پێنج مانگ پێش ئێستا بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە کارەبای پێنج گوند لە سنووری بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک پچڕا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە کارەبای نیشتمانیی بۆ ئەو گوندانە گەڕێندرایەوە.
 
ئەحمەد ئورەیی، موختاری گوندی ئورە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رێککەوتنی 20-12-2022 بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا کارەبای پێنج گوندی سنوورەکە پچڕا، بۆیە خەڵکی ئەو گوندانە ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵبکەن.
 
بەگوتەی موختاری گوندی ئورە، ئەو گوندانەی کە کارەبایان لەسەر پچڕابوو، بریتیبوون لە؛ گوندی دێشێن، سەرەڕو، ئورە، ئەدنێ و قومری.
 
ئەحمەد ئورەیی، موختاری گوندی ئورە باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-05-2022، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سەرزێڕ بە هاوکاریی موختاری ئەو گوندانە، کارەبای نیشتمانییان گەیاندەوە گوندەکان، بۆیە چاوەڕێدەکەن جارێکی دیکە خەڵکی ئەو گوندانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.