گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەنتەری زانکۆی کوردستان- هەولێر بۆ توێژینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی، کۆنفرانسێکی تایبەت بە ناونیشانی ''یەکڕیزی و دەستوور'' رێکخست.  
 
لە کۆنفرانسەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و سەرۆک و سەرکردەی حیزبەکانی باشووری کوردستان و ژمارەیەک لە توێژەر و ئەکادیمی و 29 کۆنسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لە "کۆنفرانسی هەرێمی کوردستان عێراق یەکڕیزی و دەستوور" رایگەیاند، دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت بەهاکانی دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین بپارێزێت و رەنگدانەوەی زۆربەی خواستەکانی پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بێت.نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، "دەستوورمان بۆ ئەوەیە یاسا سەروەر بکەین لە کوردستان و هاووڵاتییان پارێزراوبن"، گوتیشی، "دەست بە هەنگاوی کرداری دەکەین بۆ نووسینەوەی دەستووری کوردستان".
 
هەر لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، "دەستوورێکمان دەوێت هەموو پێکهاتەکانی کوردستان وەکو یەک بپارێزێت"، ئەوەشی خستەڕوو "کە پێکەوەبووین توانیوومانە هەندێک دەستکەوت بەدەستبێنین".
 
کۆنفرانسەکە لە کاژێر 09:00 دەستیپێکرد و دوایین بەشی کۆنفرانسەکەش بە گفتوگۆیەک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی یەکڕیزی و دەستوور کۆتاییهات.