ئاگر لە گەنم و جۆی دوو گوندی سەرگەڕان لە کەرکووک بەردرا

رووداو-هەولێر 

ئاگر لە دەغڵ و دانی دوو گوندی شارۆچکەی سەرگەڕانی سەر بە دوبز لە کەرکووک بەردرا. 

بەدرەدین شەمسەدین، ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچکەی سەرگەڕان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ دوو ماتۆڕسکیل کە هەریەکە دوو چەکداری لەسەر بوون هاتن و خۆیان وەک چەکداری داعش ناساند و داوایان لە خاوەن دەڕاسەکان کرد زەکات و سەرفیترەیان پێبدەن".

بەدرەدەین شەمسەدین راشیگەیاند "خەڵکەکە رەتیکردەوە داواکاری چەکدارەکان جێبەجیبکات، دواتر چەکدارەکان ئاگریان لە دەغڵ و دانی گوندەکانی شەعەل و سێبیران بەردا".

بەدرەدین شەمسەدین دەڵێت، ئاگرەکەی گوندی شەعەل کۆنترۆڵکراوە، بەڵام ئاگرەکەی گوندی سێبیران تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ عەرەبە هاوردەکان جارێکی دیکە چوونە سەر گوندە کوردنیشنەکانی سنووری شارۆچکەی سەرگەڕانی سەر بە دوبز و دروێنەکردنیان لە سنوورەکەدا راگرت. 

لەو بارەوە بەدرەدین شەمسەدین راگەیاند "ئەمڕۆ نزیکەی 20 بۆ 25 عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی سوپای عێراق هاتنە سنووری سەرگەڕان، لیستێکیان پێبوو کە ناوی 17 گوندی سنوورەکەی تێدابوو، تێیدا کاری سەرجەم ئەو دەڕاسانەیان راگرت کە دروێنەیان دەکرد و بۆیە ئێستا لە سنوورەکە دروێنەکردن وەستاوە".