كۆسرەت رەسوڵ: بڕوامان بە یەکھەڵوێستی کورد ھەیە لە بەرامبەر حکومەتی ناوەند
رووداو- هەولێر
كۆسرەت رەسوڵ رایدەگەیەنێ، بۆ کوردستان باوەڕمان بە تەوافق و پێکەوە ژیان و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات ھەیە، هەروەها باوەڕمان بە تەوافوقی سیاسی و یەکدەنگی و یەک ھەڵوێستی کورد ھەیە لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ حکومەتی ناوەند دا.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی راگەیاندنی دەرەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێك بڵاودەكاتەوە و وێڕای پیرۆزبایكردن لە یەكێتییەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، دەڵێت "باوەڕمان بەکردنەوەی دەرگاکانی گفتوگۆ و دانوستاندن و لێکتێگەیشتن ھەیە لەگەڵ ھەموو لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردندا، لەسەر بنەمایی دەستەبەركردنی ئازادیەكان و مافی چارەی خۆنوسین بۆگەلی خەباتگێری كوردستان".
دەقی پەیامەكە:
جەماوەری دلێر و تێکۆشەری خەڵکی کوردستان..
کەس و کاری سەربەرزی شەھیدان..
پێشمەرگە قارەمانو گیان لەسەر دەستەکانو کەم ئەندامانو زیندانیە سیاسیە خۆڕاگرەکان..
ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دژەتیرۆر ..
ڕۆشنبیران، مامۆستایان، خوێندکاران، کارمەندان و کرێکاران و جووتیاران، ڕەنجدەرانی بیرو بازو..
سەرجەم چین و توێژە کۆمەلایەتیەکانی کوردستان..
لە کاتێکدا" پیرۆزبایی سەرکەوتن وڕاگەیاندنی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقتان لێدەکەین، کەھاوکاتە لەگەڵ یادی ٢٢ ساڵەی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی یەکە بەیەکەتان دەکەم بۆ خۆڕاگریتانو جارێکی تر متمانە بە خشینەوەتان بە یەکێتیەکەتان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڕاستی سەڵماندتان کە ئێوەی خەباتگێرو کۆڵنەدەر، یەکێتیەکەی خۆتان وەک قەڵایەک دەبینن کە ھەمیشە پشتو پەناتان بووە لەڕۆژانی سەختی خەبات و ڕۆژگاری حوکمرانیو ئاوەدانیدا.
ھاووڵاتیانی سەربەرزی کوردستان
بەبڕوای ھەمیشەییمان بە پشتیوانیکردنی سەرجەم چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگایکوردەواریولەسەرتاسەری کوردستان، بە قەناعەتی تەواومان بەھێزی لەبن نەھاتووی جەماوەری خەڵکی کوردستان، کە لە ھیچ بارودۆخێکو لەژێر ھیچ جۆرە فشارێکدا، دەستبەرداری حیزبی شەھیدان نابنو بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال فەرامۆش ناکەنو ئێوە دێنەوە مەیدان و دەلێن:
(یەکێتی حیزبی دوێنێ و ئەمڕۆ و ئاییندەشە، یەکێتی بالانسی ڕاگرتنی دیموکراسیو پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیە، یەکێتی ھەوێنی برایەتی و کارکردنی پەرلەمانیە، یەکێتی داڕێژەری یەکەمین حکومەتی ھەرێم و کاراکتەرێکی سەرەکی بەردەوام بوونیەتی).
جەماوەری دیموکراس خوازی کوردستان..
ئێمە لەگەڵ ھەڵکشانی خۆری یەکێتی بۆ بەرزایی ئاسمانی کوردەواریدا دەمانەوێت چەند ڕاستیەک ھەیە ڕونی بکەینەوە:
١.ئێمە ھەروەکو پێکھاتەی باوەڕەکەمان، بە ئازادی بیروڕاو بیرکردنەوەو ڕادەربڕین و فرەیی، بۆ کوردستانەکەشمان باوەڕمان بە تەوافوقو پێکەوە ژیانودەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات ھەیە.
٢. باوەڕمان بە تەوافوقی سیاسی ھەیە.
٣.باوەڕمان بە ئیدارەی ھاوبەش و کارکردنی ھاوبەش ھەیە، بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
٤.باوەڕمان بە یەکدەنگی و یەک ھەڵوێستی کورد ھەیە، لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ حکومەتی ناوەند دا.
٥.باوەڕمان بەکردنەوەی دەرگاکانی گفتوگۆو دانوستانو لێکَتێگەیشتن ھەیە لەگەڵ ھەموو لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردندا، لەسەر بنەمایی دەستەبەرکردنی ئازادیەکان و مافی چارەی خۆنوسین بۆگەلی خەباتگێری کوردستان.
ئەو ھەموو ھەنگاوانەشمان تەنھاو تەنھا لە پێناو خزمەتکردنی دیموکراسی و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستاندایە.
دووبارە پیرۆزبایی ڕاگەیاندنی ھەڵبژاردن و سەرکەوتنی لیستی شەھیدانتان لێدەکەمو ھیوادارم ھەمووشمان لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتیەدابین کە ئێوە پێتان سپاردووین.
بۆ پێشەوە و ڕوەو سەرکەوتنێکی گەورەتر.
کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی
جێگری سکرتێری گشتی ی.ن.ک
١٩/٥/٢٠١٤