رووداو دیجیتاڵ
لویز شاربۆنۆ، کە وەک هاوئاهەنگیکاری رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات دەڵێت، "هێزە تورکییەکان و سوپای نیشتمانیی سووریا، کورد لەو ناوچانە [عەفرین] دووردەخەنەوە و بە عەرەبی ناوچەکانی دیکەی سووریا جێگەیان پڕ دەکەنەوە".
لویز شاربۆنۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو لە ئەمریکا ئەو قسانەی کرد.
ئەو بەدیاریکراوی گوتی، "لە عەفرین "خراپ مامەڵەکردن لە زیندانەکان، ئەشکەنجەدان، تووندوتیژی سێکسی و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی لەوانەش دەستگیرکردنی منداڵان" هەن. هەروەها دەڵێت، "هێزە تورکییەکان و سوپای نیشتمانیی سووریا، کورد لەو ناوچانە دووردەخەنەوە و بە عەرەبی ناوچەکانی دیکەی سووریا جێگەیان پڕ دەکەنەوە، ئەمە شتێکە نابێت رووبدات"، بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێت کە نازانێت ئەوە بە گۆڕینێکی دیمۆگرافی "سیستماتیک" ناوبنێت یان نا.
لویز شاربۆنۆ، لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا سەبارەت بە ئێران دەڵێت، کوشتنی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) بووە هۆی بەرپابوونی تەوژمێکی خۆپیشاندان و بزووتنەوەیەکی بەرفراوانی ژنان لە ئێران دا "ئەوەی کە رێکەوت نەبوو، مەهسا ئەمینی کورد بوو".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لویز شاربۆنۆ، هاوئاهەنگیکاری رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان
رووداو: کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی خۆیدا دەڵێ، زۆر پێویستە ئاگربەستێک لە سووریا دروستبکرێت. لە لایەکی کۆمسیۆنی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا دەڵێ، هەموو شت لە سووریا لە ژێر هەڕەشەدا بە چەک دەکرێت؟
لویز شاربۆنۆ: پەیامی سەرەکیی راپۆرتەکە، هەروەک باست کرد ئەوەیە، کە سووریا رووبەڕووی تووندوتیژییەکی زۆر دەبێتەوە. لە پاییزی ساڵی رابردووەوە لە مانگەکانی 9و 10 و 11 ئاستی هێرشکردن بۆ سەر خەڵکی سیڤیل زۆر زیاد بووە.
لە 2011ـەوە لیژنەی لێکۆڵینەوە دامەزراوە و ئێستاش وا ئێمە لە 2024ـداین، لیژنەکە ژمارەیەکی زۆر لە تاوان و پێشێلکارییان لەدژی یاسای نێودەوڵەتی تۆمارکردووە و دەڵێن، دۆخەکە بەردەوام خراپتر دەبێت.
پێشتر زۆربوونی تووندوتیژیمان بینیوە، بەڵام ئەم راپۆرتەی لیژنەکە بە دیاریکراوی، تووندوتیژی زۆری لەخۆ گرتووە.
لیژنەی لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا جیهان سەرنجی خستووەتە سەر دۆخە سامناکەکەی غەززە و بانگەوازە جیهانییەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێک؛ بۆیە دۆخی سووریا وەلانراوە. خەڵکی سووریا ماندوون، ئەوان نزیکەی 13 ساڵیان لە بینینی هەواڵی پێشێلکاری و تووندوتیژی دا بەسەر بردووە؛ لەوانەش هێرشی چەکی کیمیایی، رفاندن، ئەشکەنجەدان و هاتن و کەوتنی داعش.
راستییەکە ئەوەیە، کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوە بە روونی دەڵێت: داعش هێشتا وەک هێزێک لە سووریا ماوە و کۆتاییان پێنەهاتووە. ئەوان راستە پارچەیەکی گەورەی سووریایان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا هەر لەوێن و ئێمەش دەزانین کە ئەوان توانای ئەنجامدانی تووندوتیژیی زۆریان هەیە.
داعش هاوتەریب لەگەڵ رووسیا ئەم کارانە دەکات. رووسیاش لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەردەوامە لە ئەنجامدانی هەموو جۆرە خراپەکارییەک لە ئۆکراینا. رووسیا بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ ئەنجامدانی تاوان و خراپەکاری لە خاکی سووریا دا. لە باکووری سووریاش دۆخێک هەیە، ترسی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەیە کە تورکیا و هێزە تورکییەکان خەریکین. ئەوە بۆ خەڵکی سیڤیل دۆخێکی ئێجگار ترسناکە و نازانن بۆ کوێ بچن. ئێمە هەروەها بینیومانە سوورییەکانیان بۆ سووریا گەڕاندووەتەوە بۆ هەلومەرجێکی مەترسیدار و ئەوە هیچ رەواییەکی تێدا نییە.
رووداو: بەڵێ منیش ئەو پرسیارەم دەکرد. لە باکووری سووریا و بەتایبەتی لە عەفرین، دوای ئەوەی تورکیا ناوچەکەی کۆنترۆڵکرد، دەبینین کە دار زەیتوونەکان دەبڕن، تووندوتیژی دەکرێت، دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان. ئایا ئەمانە لە راپۆرتەکانی ئێوەدا تۆمار دەکرێن؟
لویز شاربۆنۆ: هێزە تورکییەکان لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا کار دەکەن کە سەر بە سوپای تورکیایە. تورکیا لە ئاست سوپای نیشتمانیی سووریا و چەند هێزێکی دیکە کە لەگەڵ تورکیان نابینایە. چەندین مامەڵەی خراپمان بینیوە کە لەوێ کراون، نەک تەنیا لەلایەن سوپای نیشتمانی سووریاوە بەڵکو لەلایەن هێزەکانی تورکیاشەوە کراون. ماوەیەکی درێژە ئەمە بەردەوامە. تۆ لەبارەی دار زەیتوونەکانەوە پرسیارت کرد، بەڵێ ئێمە دەزانین کە هێزەکانی تورکیا رێگەیان بە بڕینی ئەو دارانە و بەرهەمی زەیتوون داوە لە عەفرین کە بە زەیتوون بەنێوبانگە. دەزانین کە ئەو بەرهەمانەی زەیتوونیان تێدا بەکارهاتووە لە تورکیا دەفرۆشرێن، ئەو روونکردنەوانەی کە گوێمان لێبووە جێگەی بڕوا پێکردن نین، دەڵێن ئەگەر وایان نەکردبووایە قازانجی ئەو بەرهەمانە لە ژێر دەستی پەکەکە دەبوو.
بردنی ئەو سەرچاوانەی کە پەیوەستن بە هەندێک لە دانیشتووان، شتێکی رەوا نییە. ئێمە شتی دیکەشمان بینیوە، خراپ مامەڵەکردن لە زیندانەکان، ئەشکەنجەدان، تووندوتیژی سێکسی و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی لەوانەش دەستگیرکردنی منداڵان. ئەمانە ئەو کردەوانەن کە دەبێت دەسەڵاتدارانی تورکیا رایبگرن، ئێمە لە راستی دا نامەمان بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا نارد بەر لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتی خۆمان چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، هیچ وەڵامێکمان بەدەست نەگەیشت و هێشتا هیوادارین کە وەڵاممان بدەنەوە.
رووداو: ئایا لەو نێوەدا گۆڕینێکی سیستماتیکی دیمۆگرافیش هەیە؟
لویز شاربۆنۆ: نازانم ناوی بنێم سیستماتیک یان نا، چەند گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی بە ئەنقەست و ئاشکرا هەبوونە. هێزە تورکییەکان و سوپای نیشتمانیی سووریا، کورد لەو ناوچانە دووردەخەنەوە و بە عەرەبی ناوچەکانی دیکەی سووریا جێگەیان پڕ دەکەنەوە، ئەمە شتێکە نابێت رووبدات. ئەوان خەڵکی ئەو ناوچەیەن و دەبێت رێگەیان پێبدرێت بچنەوە نیشتمانی خۆیان. ئێمە هەروەها بینیومانە، سووریاییەنیان لە تورکیا دەرکردوون و بردوویانن بۆ ئەو ناوچانە. تورکیا رێگەی ژمارەیەکی زۆری پەناخوازی سووریایی داوە بۆ نێو خاکەکەی، ئێستاش ئەوەندەی ئاگاداربین، چەندین لەو پەناخوازانە دەنێرنەوە و چەند ناوچەیەکیان بەناوی "زۆنی سەلامەت" لە سووریا دروستکردووە، ئەو ناوچانە سەلامەت نین. هێزە تورکییەکان خێزانەکانی کورد دەردەکەن بۆ دەرەوەی چەند ناوچەیەکی دیاریکراو و بە خەڵکی دیکە شوێنیان پڕ دەکەنەوە، ئەمە هەوڵێکی روونە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە.
رووداو: دەمەوێت هەندێک لەبارەی ئێرانیش پرسیار بکەم. وەک ئێوەش دەزانن پێشلکردنی مافی مرۆڤان، بەتایبەتی لەکاتی چالاکییەکان بۆ مەهسا (ژینا) ئەمینی و هەروەک لە راپۆرتەکەش دا هاتووە لەوکاتدا پێشێلکاری بەرامبەر مافی مرۆڤ کراون. هەروەها دەزانین کە ئێران تووندوتیژییەکی زۆر بەرامبەر کەمینەکان دەکات. ئێوە ئەو راپۆرت و زانیارییانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
لویز شاربۆنۆ: ئەمە پرسیارێکی باشە. ئێران چەند ریکۆردێکی گەورەی هەیە کاتێک دێینە سەر باسی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکان بەتایبەتی چەند پێکهاتەیەکی دیاریکراو. مەرگی کارەساتباری مەهسا ئەمینی لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی ئێران بووە هۆی خۆپێشاندان لەسەرتاسەری وڵات و بزووتنەوەی مافی ژنان بۆ ئەوەی سەرنج بخرێتە سەر تووندوتیژییەکان و ئەو پێشێلکارییانەی لەلایەن بەناو "پۆلیسی ئەخلاق"ـەوە دەکرێن. ئەوەی کە رێکەوت نەبوو، مەهسا ئەمینی کورد بوو. بۆیە، خۆپێشاندانەکان و ناوچە کوردییەکانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دووچاری سەرکوتکردن بوون. دووبارە، زۆر قورسە خەیاڵ بکەین و بڵێین ئەمە تەنیا رووداوێک بووە.
ئەگەر باسی پێکهاتەکان بکەین، بەم دواییانە راپۆرتێکمان لەسەر خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەی بەهایی بڵاوکردەوە. ئایینی بەهایی گەورەترین ئایینی دانپێدانەنراوە لە ئێران و پێکهاتەیەکی ئایینیە. ماوەیەکی دوور و درێژە، بەهاییەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک جیاکارییان بەرامبەر دەکرێت و سەرکوت دەکرێن و ئەمە لە سەتەی 19ـەوە بەردەوامە کاتێک ئایینەکە دروست بوو. ئێران دەبێت ئەمە رابگرێت، دەبێت ئێران لەوە دڵنیابێت کە یاسا هەیە، بەڵام ئێمە نازانین دەسەڵاتی ئێران تاوەکو چەند دەیەوێت ئەمە بکات.
ئەو حکومەتانەی کە دادگەی جیهانییان هەیە و دەتوانن خەڵک دادگایی بکەن، دەبێت زانیاری کۆبکەنەوە تاوەکو بتوانن بەرپرسە ئێرانییەکان دادگایی بکەن کە بەرپرسن لەم جۆرە سەرکوتکردنانە، پێموایە ئەمە دەبێتە هۆی ناردنی پەیام و ئاماژەیەکی کاریگەر بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران کە جیهان بە رژدی کار دەکات لەسەر خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی ئێران دا.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ کاتی بەڕێزتان.
لویز شاربۆنۆ: هیوادارم هەموو شتێک باش بووبێت.
رووداو: زۆر باش بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ