باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق: بە شێوازی جیاواز یارمەتیی بەغدا و هەولێر دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق دەڵێت، ساڵانێکی زۆرە بوونیان لە عێراقدا هەیە و بە شێوازی جیاواز یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەن. دەشڵێت، هەوڵدەدەن خوێندکاری کورد و عێراقی زیاتر بچنە زانکۆکانی ئیتاڵیا و بخوێنن.
ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نمە نەبەز، پێشکێشکاری رووداو، ئەم قسانەی کرد.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ لەنێوبردنی داعش و پێیوایە کە چیدیکە مەترسی نییە لەسەر عێراق و "ئێستا ئەو رێکخراوە شکێندراوە".
لە هەڤپەیڤینەکەدا تیشک دەخاتە سەر چەندین پرس، باسی عێراق، هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە، زەمالەی خوێندن لە ئیتاڵیا و براندە ئیتاڵییەکان لە عێراق دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق
رووداو: سڵاوتان لێ بێت، نمە نەبەزم. ئەمڕۆ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بەڕێز ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراقم لەگەڵە. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. زۆر خۆشحاڵم و سوپاس کە وەڵامی داواکەمت دایەوە.
ماوریزیۆ: خۆشحاڵم.
رووداو: دەمەوێت بە هەندێک پرسیاری ئەمنی دەست پێبکەم. وەک دەزانین، ئیتاڵیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی داعش. ئێوە وەک ئیتاڵیا پێتان وایە هێشتا داعش هەڕەشە بێت لەسەر ناوچەکە، بە تایبەتی بۆ عێراق و سووریا؟
ماوریزیۆ: ئێمە هەر لە سەرەتای 2014وە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشین. بەڵام بە هێزی سەربازی و تەناهیمانەوە ساڵانێکی زۆرە لە 2003ـوە لە عێراقین و بە شێوازی جیاواز یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین. لە 2014یشەوە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا هاتینە ئێرە و هێشتا هەر لێرەین. پێموایە کارێکی باشمان لەگەڵ هێزی تەناهیی عێراق و پێشمەرگە و هەموو هێزەکانی دیکەدا کردووە. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شکستپێهانانی داعشدا کاری زۆر باشی کرد وەک هەموومان دەزانین ئێستا شکێنراوە. هێشتا هەندێک خانەی نووستوو ماون کە لە هەندێک ناوچەدان، بەڵام ئیدی ئەو گژنێ (تەحەدا)یە نین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەگەر هێشتا هەڕەشە بن، ئەوە راستییەکەی کاری ئەنجوومەنی سەربازیی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە تەناهی و سەربازییەکانی عێراقە لەناویشیاندا پێشمەرگە. ئێستا گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی لەنێو کێشەکانی دیکەی تایبەت بە داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا ئەمە بە تەواوەتی لێیبکۆڵرێتەوە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان کە گفتوگۆی دەکەن ئەوەیە کە ئایا داعش هێشتا هەڕەشەیە؟ ئەی دەبێت لەو بارەوەیەوە چی بکرێت؟
رووداو: ئیتاڵیا چۆن دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا باشتر بکات؟ بۆ نموونە، ئەگەر سەیری وڵاتانی دیکەی بیانی بکەیت، ئەوانەی لە عێراق نوێنەرایەتییان هەیە، بۆ نموونە ئەمریکا، ئەوان رێککەوتنێکی ستراتیجیی درێژخایەنیان لەگەڵ عێراقدا هەیە بۆ گەشەدان بە بازرگانی و پەیوەندییە سیاسییەکان و زۆر شت. ئیتاڵیا چۆن دەیەوێت پەیوەندییەکەی لەگەڵ عێراقدا باشتر بکات؟
ماوریزیۆ: ئێمە پەیوەندییەکی درێژی بەردەواممان هەیە کە هاوڕێیەتییەکی نزیکە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا. لە 2003وە لەم وڵاتەدا شتی زۆری وەبەرهێنانی ئابووری و هاوکاریی گەشەپێدان و تەناهی و بەرگری و فەرهەنگی و کاری شوێنەوارناسیمان کردووە. ئێمە پەیماننامەیەکی هاوڕێیەتی و هاوکاریکردنمان لەگەڵ عێراقدا هەیە کە ساڵی 2007 واژۆ کراوە. بەڵام حەز دەکەین زیاتر بکەین بۆ ئەوەی شتێک بکەین زیاتر گشتگیر بێت و هەموو شتانە لە خۆ بگرێت کە دەیانکەین. لەناو ئەو شتانەدا ئێستا گفتوگۆی رێککەوتنێکی تازەی دووقۆڵی دەکەین کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ عێراقدا لە پرسەکانی بەرگری و تەناهیدا. ئێمە تامەزرۆین و ئامادەین ئەو هاوکارییانە بۆ عێراق دابین بکەین کە تا ئێستا هەمانن. ئێمە زۆر دڵخۆشین بەوەی لەگەڵ هێزە تەناهییەکانی عێراق و پێشمەرگەدا دەیکەین و لەوە بەردەوام دەبین.
رووداو: لێرە لە هەرێمی کوردستان بازاڕ خواستێکی زۆری بۆ بەرهەمە ئیتاڵیاییەکان هەیە، هەر لە کەلوپەلە تەکنەلۆجییەکانەوە بیگرە تا بەرهەمەکانی پاراستنی پێست و ئەو شتانە. ئایا هیچ پرۆژەیەکی تایبەتتان کردووە؟ یان ئایا هیچ پلانێکی تایبەتتان بۆ باشترکردنی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە؟
ماوریزیۆ: بەڵێ، ئێمە وەک باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانە گشتییەکەیشمان لە هەولێر، باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین تا یارمەتیی کۆمپانیاکانمان بدەین. کۆمپانیاکانمان هەر خۆیان زۆر چالاکن. وەک گوتت، ئەگەر پیاسەیەک بە هەولێر یان سلێمانیدا بکەیت، گەلێک دوکانی براندنی ئیتاڵیایی دەبینیت. جا ئەوە بۆ من وەک باڵیۆزی ئیتاڵیا مایەی خۆشحاڵییە. کۆمپانیاکان گەلێک کاری بازرگانی بۆ بازرگانی دەکەن، بەڵام ئێمەیش وەک حکومەت هەوڵ دەدەین ئەوەندەی بتوانین یارمەتییان بدەین تا وەبەرهێنانی ئیتاڵیایی بهێننە ئێرە و ئاسانکاری دەکەین بۆ پەیوەندیی نێوان کۆمپانیا کوردی و عێراقییەکان لەگەڵ ئیتاڵیاییەکاندا. ئێمە کار لەسەر ژمارەیەک بەرنامە دەکەین. هەروەها بەرنامەگەلێک بۆ دڵنیایی متمانە کە هەمیشە بەسوودە. بەو جۆرە. بەڵی، ئێمە زۆر چالاکین.
رووداو: باشە. ئیتاڵیا لە رابردوودا بەرپرسیارێتیی چاککردنەوەی بەنداوی موسڵتان پێ سپێردرابوو. پێم خۆشە زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە بزانم ئەگەر هیچت لابێت.
ماوریزیۆ: دەڵێم ئەمە پرسیارێکی روونە، چونکە کۆمپانیای ترێڤیی ئیتاڵیایی لە ساڵی 2016 بۆ 2019وە لەو ماوە هەستیارەدا کاری لەسەر بەنداوی موسڵ کرد. ئەوەیش لەسەر داواکاریی حکومەتی عێراق و هێزی سەربازیی ئەمریکا، چونکە بەهۆی کردەوەکانی داعشەوە مەترسییەکی زۆر هەبوو کە بەنداوەکە دابڕمێت. وەک دەزانین، بەنداوی موسڵ لە عێراقدا گەورەترین و گرنگترین بەنداوە و داڕمانی دەبێتە مایەی زنجیرەیەک کارەسات. جا ئەم کۆمپانیایە سێ ساڵ کاری لەسەر هەیکەلەکەی کرد و توانییان چاکی بکەنەوە و کارەکە تەواو بوو. ئێستا دەزانین کە هێشتا پێویستی بە چاککردنەوە هەیە و داوایەکمان لە وەزارەتی ئاوی عێراقەوە پێگەیشتووە تا بگەڕێینەوە و کاری لەسەر بکەین. ئێمە هێشتا گفتوگۆی ئەم پرسە دەکەین. بۆیە داوای لێبووردن دەکەم کە زانیاریی نوێم لا نییە، بەڵام ئەمە ئێستا لە گفتوگۆدایە.
رووداو: باشە. وەک پێشتر لە قسەکانتدا ئاماژەت پێ دا، ئێوە لە هەولێر کۆنسوڵخانەتان هەیە. پێم خۆشە بزانم چۆن باسی پەیوەندیی ئێستای نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستانم بۆ دەکەیت؟
ماوریزیۆ: خۆشحاڵم کە پێت بڵێم بەم تازەییانە کۆنسوڵخانەکەمان کرد بە کۆنسوڵخانەی گشتی، چونکە وامان هەست کرد کە ئەمە ئاستێکی گونجاوە بۆ پەیوەندییەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. جا کۆنسوڵخانە گشتییەکەمان لێرە زۆر چالاکە. پەیوەندییەکەمان زۆر باشە و هەست دەکەین پەیوەندییەکە لەنێوان خەڵکی ئیتاڵیایی و کورددا زۆر نزیک و بەسۆزانەیە. ئەمەیش لە کارەکەمدا شتێکی زۆر خۆشە. هەروەها کاری کۆنسوڵ ئەوەیە ئەمە باشتر بکات.
رووداو: ئەوە هەوڵێکی زۆر باشە. خەڵکێکی زۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن حەز دەکەن لە ئیتاڵیا خوێندنی باڵا بخوێنن، وەک بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا. لە ئەرکەکەتاندا لە عێراق چۆن یارمەتی بۆ ئەو خوێندکارانەی عێراق و هەرێمی کوردستان دابین دەکەن کە حەز دەکەن لە ئیتاڵیا درێژە بە خوێندن بدەن؟
ماوریزیۆ: ئێمە ژمارەیەک سکۆلارشیپمان بۆ خوێندکارانی عێراقی و کورد هەیە. هاوکارییەکی بەهێز لەنێوان زانکۆکانی ئێتاڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە. پێم وایە زیاتر لە 30 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان لەنێوان زانکۆکاندا هەیە. جا ئێمە هەوڵ دەدەین ئەمە سەر بگرێت تا خوێندکاری کورد و عێراقیی زیاتر بچنە ئیتاڵیا. زیاتر لە 20 تیمی شوێنەوارناسیمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە کە 11یان لە هەرێمی کوردستانن کە لێرەیش لە سلێمانی هەن.
رووداو: راستییەکەی، دەمەوێت لەبارەی کاری شوێنەوارناسییەوە بپرسم ئەگەر لەبارەیانەوە وردەکاریی زیاترم پێ بڵێیت. کەی دەستتان پێکردووە؟ چەند تیم و لە کوێ خەریکی کارن؟
ماوریزیۆ: بەڵێ، وەک گوتم زیاتر لە 20 تیم کە وا بزانم 22 تیم لە عێراق و هەرێمی کوردستانن. 11یان لە هەرێمی کوردستانن و هەندێکیان لە چەند شوێنێکی دەوروبەری سلێمانین وەک پەیکوڵی و سەرقەڵا. بۆ نموونە ئەگەر بچیت بۆ مۆزەخانەی شوێنەواری سلێمانی رێڕەوێک هەیە کە ئەو شوێنەوارانەی تێدایە ئیتاڵیاییەکان لە پەیکوڵی دەریانهێناون. ئێمە ئەم تیمانەمان لە سەرانسەری عێراقدا هەن، لە باشوور کە لە رابردوودا نیشتمانی سۆمەرییەکان بووە، لە ناوەڕاست و باکوور و هەرێمی کوردستانیش. زۆربەیان لە زانکۆکانی ئیتاڵیاوە هاتوون کە لە لێکۆڵینەوەی دێرینەناسیدا و بە تایبەتی لە بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی نزیکدا زۆر چالاکن. زۆر شوێنەوارناسمان دێن بۆ ئێرە. هەندێک کاتی ساڵ، وەک بەهاران و پایزان و ئەو کاتانەی هەوا خۆشە ژمارەیەکی زۆر شوێنەوارناسی ئیتاڵیایی دێن. کە ئەوەیش شتێکی زۆر باشە. شان بە شانی شوێنەوارناسە عێراقی و کوردەکان کاردەکەن. پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵیاندا هەیە و لە ئیتاڵیاوە خوێندکار دەهێنن و ئەوانیش لەگەڵ خوێندکارانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. ئەمەیش رێگەیەکی باشە بۆ ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و زیادکردنی پەیوەندی لەگەڵ گەنجاندا.
رووداو: بەڕێز گرێگانتی، من دڵنیام کە ئیتاڵیا بۆ زۆر کەس لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان خەونێکە بۆ ئەوەی بە گەشت بۆی بچن، بەڵام دیار پێویستمان بە زۆر شتی فەرمی دەبێت پێیاندا بڕۆین تا ڤیزای شنگن یان ئیتاڵیا وەربگرین. ئایا هیچ پلانێکتان هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیی ئەو کەسانە بدەن کە دەیانەوێت بە گەشت سەردانی ئیتاڵیا بکەن؟ هیچ پلانێکتان هەیە کە سەردانیکردنی ئیتاڵیا ئاسانتر بکات؟
ماوریزیۆ: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە کەسانی عێراقی و کورد بۆ گەشت و بۆ مەبەستی دیکە دێن بۆ ئیتاڵیا. وەک گوتت، ئێمە ڤیزا دەدەین، ڤیزای شنگن کە رێگەت دەدات هەر کە گەیشتیتە ئیتاڵیا ئازادانە بە هەموو وڵاتانی شنگندا گەشت بکەیت کە بە گشتی زۆربەی ئەوروپا دەکات. هەروەها ڤیزای نیشتمانییش دەدەین کە بۆ کەیسی تایبەتە و تەنیا بۆ چوون بۆ ئیتاڵیایە. عێراقی و کورد بەخێربێن و هەموو زانیارییەکان لە ماڵپەڕی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی هەولێردا هەن. جا ئێمە لە خزمەتتانداین و بەخێربێن.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. خۆشحاڵ بووم.
ماوریزیۆ: زۆر بەخێرهاتن، زۆر سوپاس.
رووداو: زۆر سوپاس کە بینەر بوون.