لە ورمێ دوو کەس بەهۆی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

دوو هاونیشتمانی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بەشداریکردنیان لە ئاهەنگی نەورۆز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. 
 
بەپێی زانیارییەکان، دوو هاونیشتمانییەکە ناوەکانیان 'ئومێد قادرنەژاد' تەمەن 28 ساڵ و 'موحسین قادرڕەش' تەمەن 30 ساڵە، خەڵکی گوندی حاجی حەسەنی شاماتی سەر بە شاری میاندواوی پاریزگای ورمێن.
 
ئەو دوو هاونیشتمانییە رۆژی چوارشەممە، 17ی نیسانی 2024، بانگهێشتی ناوەندی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئەو شارە کراون و لەوێ دەستبەسەرکراون.
 
تائێستا بەفەرمی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو دوو هاونیشتیمانییە کوردە و تۆمەتەکانیان نەزانراوە، لایەنە فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێش سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە، هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکیان نەداوە.
 
بەڵام بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، بانگکردن و دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاونیشتمانییە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی میاندواوەوە بەهۆی بەشداریکردنیان لە رێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو هاونیشتمانییە کوردە دوای دەستبەسەرکردنیان رەوانەی گرتووخانەی ناوەندیی شاری میاندواو کراون.
 
ئەم ساڵ لە زۆربەی شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەکی بەرفراوان، جیاواز و تایبەت رێوڕەسم و ئاهەنگی تایبەتی نەورۆز بەڕێوەچوون و هاونیشتمانیان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشدارییان لەو ئاهەنگانەدا کرد.