دوو پەرلەمانتاری تورکمان رێگرن لە دەستبەکاربوونی هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە کەرکووک


رووداو دیجیتاڵ 

هەوراز لە ساڵی 2014ـەوە کە کۆلێژی تەواوکردووە لە هەوڵی دامەزراندندایە، دوای ئەو چەند ساڵە و بێ هیوابوونی، ئێستا یەکێکە لەو دەیان دەرچووەی ناوی لە دامەزراندنی گرێبەستی پارێزگا هەیە کە لە بودجەی ئاسایشی خۆراکی ساڵی 2022 بڕیاری لێدراوە. 
 
جگە لە کەرکووک لە پارێزگاکانی دیکە گرێبەستەکان دەستبەکاربوون. نزیکەی شەش مانگە لە کەرکووک بەربەست بۆ دەستبەکاربوونی ئەو گرێبەستانە دروست دەکرێت. 
 
هەوراز نیزام، دەرچوویەکی زانکۆیە و دەڵێت: "لە17-11-2022ـەوە ناوەکانمان گەڕاوەتەوە، لە زۆربەی پارێزگاکان ئەم گرێبەستانە دەوام دەکەن ئێستا، بەڵام ئێمە ئەگەر وابڕوات لە کەرکووک نزیکەی ساڵێکمان دەفەوتێت بەبێ ئەوەی کەسێک دەوامی کردبێت، ئەوانەی ناومان دەرچووە لە هەموو روویەکەوە خاڵمان زیاترە، ئێمە خوێندنمان لە ساڵانی 2013، 2014 و 2015 تەواوکردووە." 
 
دامەزراندنی گرێبەستەکان لە پارێزگای کەرکووکەوە جێبەجێدەکرێت، بەرپرسانی ئیدارەی کەرکووک دەڵێن، "لەسەر سکاڵای دوو پەرلەمانتاری تورکمان راگیراوە." 
 
پەرلەمانتارەکان داوایان کردووە پشکی ئەوان زیاتربێت لەوەی هەیە، هەرچەندە ئەوانەی ناویان هاتووەتەوە بەپێی مەرج و رێنماییەکان و خاڵبەندی بووە. 
 
عیماد دەحام، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت: "نووسراو لە نووسینگەی پەرلەمانتاران ئەرشەد ساڵحی و غەریب عەسکەرەوە ئاراستەی ئێمە کراوە و داواکراوە ئەنجامەکان رانەگەیێندرێت، جارێکی دیکە پێداچوونەوە بەو پلە وەزیفیانە بکرێت و دابەش بکرێت بەسەر پێکهاتەکان بە رێژەی 32% بۆ هەر پێکهاتەیەک، بەو پێیە رێژەی تورکمان کەمترە لە 32%، بەڵام ئەوە بەپێی رێکارەکانی وەزارەتی دارایی و ئەمانەی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێکراوە، لە راستیدا ئەم بابەتە پێویستە پەلەی تێدابکرێت بۆ ئەوەی بەر لە جەژن یان دوای جەژن راستەوخۆ تەواو بکرێت."  
 
کۆی ئەو هەزار گرێبەستە بەسەر فەرمانگە حکومییەکاندا دابەش دەکرێت. ماوەی گرێبەستەکە بۆ سێ ساڵە و ئامانج لێی لەبری دامەزراندنی هەمیشەییەکان گرێبەستەکان ببنە جێگرەوە بۆ راییکردنی کاروباری فەرمانگە حکومییەکان.