پێش جەژن مووچەی بەشێکی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت

19-04-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن مووچە مامۆستایانی وانەبێژ
A+ A-
رووداو هەولێر

سبەی مووچەی مانگی ئاداری مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت، بەڵام "بەهۆی نەبوونی پارە" ئەگەر هەیە وانەبێژانی سلێمانی دوای جەژن مووچە وەربگرن.
 
رۆژی چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پەروەردانەی لیستی مووچەی وانەبێژانیان ئامادەیە، سبەی پێنجشەممە مووچەی مانگی ئادار وەردەگرن".
 
عەلی رەئووف گوتی، جگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەموو پەروەردەکان دەتوانن مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ وەربگرن؛ گوتیشی: "لەگەڵ بانکی هەرێم لە سلێمانی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی لەوێش مووچەی وانەبێژان بدرێت، بەڵام بە ئێمەیان گوتووە پارەیان لەبەردەستدا نییە؛ رەنگە سبەی نەتوانن مووچە وەربگرن".
 
هەروەها کاروخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی دیکەی مامۆستایانی وانەبێژانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مووچەی وانەبێژانی سنووری سلێمانی کراوەتە چەک، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانک، دوادەکەوێت".
 
هۆکاری سستبوونی دابەشکردنی مووچە
 
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران 940 ملیار دینار پێویستە. 
 
پێش راگرتنی هەناردەی نەوت، داهاتی مانگانەی نەوت بۆ مووچە 740 ملیار دینار بوو و ئەو 200 ملیارەی دەمایەوە لە داهاتی نێوخۆ دەدرا، بەڵام بەهۆی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە، دەبێت ئەم مانگە زووتر خشتەی دابەشکردنی مووچە تەواو بێت و ئێستاش سستی لە دابەشکردنی مووچە بەتایبەت لە سلێمانی دروستبووە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداردا داهاتی 24 رۆژی نەوتی هەبووە، بۆیە سەرنجەکە لەسەر داهاتی نێوخۆییە بۆ تەواوکردنی مووچە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی سستی تێکەوتووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، جگە لە وانەبێژان، دابەشکردنی مووچەی مانگی رابردووی بەشێكی مووچەخۆران لە سلێمانی بەهۆی کەمیی داهاتی نێوخۆوە دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان.
 
بەگوتەی نوێنەرانی وانەبێژان، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار مامۆستایە.
 
مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بەگوێرەی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، بەگشتی کەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینار وەردەگرن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتەوەختی رووداوەکە.

لە ئەرزەڕۆم گەنجێک بەهۆی پارچە سەهۆڵێکەوە گیان لەدەستدەدات

رووداوەکە کاژێر 03:00ـی رۆژی پێنجشەممە، 26ـی کانوونی یەکەم لە شارۆچکە مدرگە روویداوە. چرکەساتی رووداوەکە لەلایەن کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە.