کوشتارگەی سلێمانی: لە رەمەزاندا رۆژانە نزیکەی 20 تۆن خواست لەسەر گۆشتی سوور کەمیکردووە

19-04-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لێپرسراوی کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی رایدەگەیێنێت، رەمەزانی ئەمساڵ رۆژانە نزیکەی 20 تۆن خواست لەسەر گۆشت کەمیکردووە، بەڵام لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا خواست لەسەر گۆشتی سوور بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تەنیا ئەمڕۆ نزیکەی 150 تۆن گۆشتی سوور رەوانەی بازاڕی سلێمانی کراوە.
 
کوشتارگەی سلێمانی وەکو لێپرسراوەکەی دەڵێت، دوای سێ قۆناخ لە پشکنین، پاشان گۆشت رەوانەی بازاڕ دەکات. لە ماوەی چوار رۆژی رابردووشدا سێ تۆن و 500 کیلۆ گۆشتیان رەتکردووەتەوە.
 
د. شاڵاو عارف، لێپرسراوی هۆبەی کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت: "پێش گرانبوونی نرخی گۆشت لە ماوەی رابردوودا رۆژانە نزیکەی 60 تۆن گۆشت رەوانەی بازاڕەکانی سلێمانی کراوە، بەڵام لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت، بەرهەمی رۆژانەی گۆشتی سوور دابەزی و ئێستا نزیکەی 45 تۆن رۆژانە بەرهەم دەهێنن، واتا رۆژانە نزیکەی 15 بۆ 20 تۆن خواست لەسەر گۆشت کەمیکردووە."
 
لێپرسراوی کوشتارگەی سلێمانی ئەوەشی گوت، لە ساڵانی رابردوودا لە مانگی رەمەزان رۆژانە نزیکەی 70 تۆن گۆشتی سوور لە کوشتارگەی سلێمانی رەوانەی بازاڕەکان دەکرا، بەڵام رەمەزانی ئەمساڵ نزیکەی 45 تۆن گۆشت دەخرایە بازاڕ.
 
بە گوتەی د. شاڵاو عارف، سەرەڕای گرانیی نرخی گۆشت، بەڵام لەم چوار رۆژەی کۆتایی رەمەزان نزیکەی 191 تۆن گۆشتی ئاژەڵی بچووک و 247 تۆن گۆشتی ئاژەڵی گەورە خراوەتە بازاڕەوە، بەشێوەیەک تەنیا ئەمڕۆ نزیکەی 150 تۆن گۆشتی سوور رەوانەی بازاڕ کراوە.
 
لەبارەی گرانیی نرخی گۆشت، لێپرسراوی کوشتارگەی سلێمانی دەڵێت، "لە ماوەی رابردوودا بەهۆی گرانبوونی نرخی ئاژەڵی زیندوو، نرخی گۆشت زیادیکرد و ئێستا نرخی گۆشت لە 20 هەزار دینار جێگیرکراوە، بەڵام پێشبینی دەکەین لەدوای جەژن دابەزێت."
 
د. شاڵاو عارف دەشڵێت، بەرهەمی ئاژەڵی نێوخۆی نزیکەی 40٪ـی بەرهەمی گۆشتی سوور پێکدەهێنێت و 60٪ـی هاوردە دەکرێت لەوانە، لە وڵاتانی ئێران بە پلەی یەک و جۆرجیا بە پلەی دوو ئاژەڵی بچووک هاوردە دەکرێت.
 
لێپرسراوی کوشتارگەی سلێمانی دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی ئێران هەناردەکردنی ئاژەڵی زیندووی قەدەخە کردووە، ئاژەڵ لە ئێران  بە رێگەی قاچاخ دەهێندرێت، بەڵام هاوردەکردنی ئاژەڵ لە جۆرجیاوە بە فەرمی هاوردە دەکرێت.
 
لەبارەی قۆناخەکانی پشکنین و رەوانەکردنی گۆشت بۆ بازاڕەکان لە کوشتارگەی سلێمانییەوە، د. شاڵاو عارف دەڵێت، لە کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی بە سێ قۆناخ پشکنین بۆ ئاژەڵ دەکرێت ئەوانیش؛ (پێش سەربڕین، دوای سەربڕین، دوای ساردخانە). لە هەر قۆناخێک لە پشکنین دەرنەچێت رێگەنادرێت بخرێتە بازاڕەوە.
 
لێپرسراوی کوشتارگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا، 50 سەر ئاژەڵیان ناردووە بۆ چارەسەر، هەروەها سێ تۆن و 500 کیلۆگرام، لەدوای سەربڕین لە پشکنین دەرنەچووە، رێگەنەدراوە بخرێتە بازاڕەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دایکی منداڵەکان دەڵێت، نووسینگەی سەرۆک بارزانی کێشەکەی بۆ چارەسەر کردووە.

دوای راپۆرتێکی رووداو، سەرۆک بارزانی هاوکاریی ماڵباتێکی کۆبانی دەکات

عەبدولسەلام ئیبراهیم و بەشار مستەفا دوو هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بوون و لە کەرکووک دەژیان، رۆژی شەممە دوای کارکردن، بۆ خەوتن دەچنە نێو خێوەتەکەیان و بەهۆی گازی سۆپاوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.