ڤیان سەبری: لە بودجەدا پارە بۆ پێدانەوەی پاشەکەوتی مووچە دانەنراوە

19-04-2023
سۆران حوسێن
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە بودجەدا هیچ پارەیەک بۆ پێدانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دانەنراوە. دەشڵێت، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 ترلیۆن و 609 ملیار دینارە. باسی لەوەشکرد، کە ناکۆکی لەسەر بودجە نەماوە و دوو هەفتە دوای جەژن پەسند دەکرێت.
 
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 18ـی نیسانی 2023 میوانی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و گوتی، بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵە، بەڵام ساڵانە بەگوێرەی نرخی نەوت دەتوانرێت بگۆڕدرێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی، باشترین کار بۆ دابەشکارییەکانی بودجە سەرژمێرییە؛ بەڵام نەکراوە. لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە لە بودجەکەدا گوتی، بۆ هەرێمی کوردستان 12.67 دیاریکراوە و ئەمجارە بودجەی پێشمەرگەش دەستنیشانکراوە، کە لەچوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا دەبێت.
 
ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەکرد، لە بودجەی عێراقدا 75%ـی بۆ بەکاربردن و 25% بۆ وەبەرهێنانە؛ گوتیشی، ئەوان تێبینییان لەسەر وەبەرهێنان هەیە کە لە بودجەکەدا بڕێکی زۆری بۆ نووسراوە و 38 ترلیۆنی بۆ دانراوە، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا "زۆر کەمە." 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا داهات زۆرینەی لەسەر نەوت دیاریکراوە کە 117 ترلیۆنە و 17 ترلیۆنیش داهاتی نانەوتییە. گوتیشی، لە پڕۆژەیاساکەدا ئەوەش دیاریکراوە، کە حکومەتی عێراق بەشەخۆراک و دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
بە گوتەی ڤیان سەبری، کۆی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان 16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە، بەبێ لێبڕین بۆ سەروەری و بەکاربردن.
 
ڤیان سەبری باسی لەوەشکرد، کە پەسندکرنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان "زۆر باشە" و گوتیشی، بەشە پارەی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکیدا دەبێت و تەنیا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان کەسێک ئەو ئەو دەستنیشانی بکات مافیان هەیە بەکاری بهێنن.
 
"ناکۆکی لەسەر بودجە نەماوە"
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، ناکۆکیی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە "نەماوە و هەموان" دەڵێن تێپەڕاندنی گرنگە. گوتیشی، ئەوان هەوڵدەدەن بە زوویی بودجە پەسند کرێت.
 
ڤیان سەبری پێیوایە، دوو هەفتە دوای جەژنی رەمەزان و سەرەتای مانگی ئایار پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت. گوتیشی، دوای پەسندکردنی بودجە، عێراق دەبێت بەشی پێنج مانگ، مانگانە 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە تاوەکو ئەمڕۆ یەک بەشی ناردووە.
 
لە بودجەی عێراق 0.2% بودجە بۆ پێشمەرگە دانراوە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و تێبینی لایەنە کوردستانییەکانی لەسەرە. ڤیان سەبری گوتی: "هێزێکی وەکو حەشدی شەعبی بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ دانراوە." 
 
لە پەرەپێدانی هەرێمەکاندا 276 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە
 
لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دوو ترلیۆن و نیو بۆ پەرەپێدانی هەرێمەکان دانراوە، ڤیان سەبری دەڵێ، لە پەرەپێدانی هەرێمەکاندا 276 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە.
 
لەبارەی پارەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "لە بودجەدا پارەی پاشەکەوت نەنووسراوە و نادرێت و چی نووسراوە هەر ئەوە دەبێت؛ ئێمە داوامان کردووە کە بەشی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت و لە دامەزراندن و قەرزەکانی دەرەوەشدا پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە