شوێنەواری دهۆک: بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە چەند شوێنەوارێک لەنێوچوون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە 79 شوێنەوار لە سنووری پاریزگای دهۆک لەژێر هەڕەشەی تێکدان و لەناوچووندان، دەشڵێت پێشتر چەندین رێکخراوی جیهانییان لە مەترسی شەڕ لەسەر ئەو شوێنەوارانە ئاگادارکردووەتەوە لەوانە رێکخراوی یونسکۆ.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی نیسانی 2022، بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی شەڕی بەردەوامی تورکیا و ئۆپەڕاسیۆنەکانییەوە لەگەڵ پەکەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت گوند و شارۆچکە و شارەکانی پارێزگای دهۆک، 79 شوێنی شوێنەواری زیانیان پێگەیشتووە و بەشێکیشیان لەناوچوون کە شوێنەواری زۆر گرنگن بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو."
 
بریفکانی ئاماژەی بەوەدا پێشتر بەشێک لەو شوێنەوارانە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و کردنە ئامانجیان لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە وێران و تێکدراون، بەشێکی شوێنەوارەکانیش ئەوانەن کە لەلایەن گەریلاکانی پەکەکە وەکو سەربازگە بەکارهێنراون و تێکدراون، لەوانە ئەشکەوتەکان.
 
سەبارەت بە قەبارەی زیانەکانیش، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، باسی لەوەکرد هێشتا بەتەواوەتی زیانەکانی هەندێک لە ناوچە و شوێنە شوێنەوارییەکان نازانن، چونکە بەهۆی شەڕەوە دەستیان ناگات بە هەموو ئەو ناوچانە و ئەوەش یەکێکە لە کێشەکان. دەشڵێت: "هەندێک لەو ناچانە بوونەتە ناوچەی قەدەخەکراو و ناتوانین سەردانیان بکەین بۆ ئەوەی بزانین زیانەکان چەندن، هەرچەندە زیانەکان بە پارە ناخەمڵێندرێت، بەڵام زیانی زۆر بەو شوێنە شوێنەوارییانە گەیشتووە، بەگشتی هەندێک قەڵا، پرد، مەزارگە، ئەشکەوت و  شوێنی دیکە هەن زۆر گرنگن و زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەتایبەت لە ناوچەکانی بەرواری باڵا لە سنووری پارێزگای دهۆک".
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک هەزار و 400 ناوچەی شوێنەواری هەن، هەندێک لەو شوێنەوارانە دەکەونە ناوچەکانی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە مانگی حوزەیرانی 2021، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک بە رووداوی گوتبوو داوایان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە گوشار دروستبکەن بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە لە مەترسیی شەڕ.
 
بەپێی قسەکانی بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، شوێنەوارە زیانلێکەوتووەکان بۆ سەردەمی  جیاجیا دەگەڕێنەوە و بەشێکیان بۆ پێش زایین و سەرەتای مەسیحییەت تاوەکو میرنشینی بابان و هی کۆنتریشیان تێدایە، شوێنەوارەکان هی هەموو ئاینە جیاوازەکانن.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دهۆک بەشێک لەو شوێنانەی بەهۆی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکەوە مەترسییان لەسەرە ئەمانەن:
 
1- ناوچەی بەرواری باڵا:
 
- کێستە
- خوێندنگەی کێستە
- قەڵای قومریی هرورێ
- قەڵای بیتەنوێرێ
- پردی بلبل
- پردی بیامێ
- پردی گەلی رەشاڤە
- گوندی دێشێشە
- گەلی بازێ
- پێنج دێرگە
- دەرکارێ
- بندێری
 
2- لە ناوچەی شیلادزێ:
 
- پردی رێکان
- قەڵای رێکان
- قەسری ئاغایا
- قەڵای نێروە
- رێکا شۆبێ
- رێکا دەرەجێ
- ئەشکەوتی چاردەر
- مەگلانا سەرێ ئامێدی