لە سەنگەسەر گەنجێک بە گوللەی تاپڕ گیان لەدەستدەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تەرمی گەنجێکی 23 ساڵ لە ناحیەی سەنگەسەر گەیێندرایە نەخۆشخانەی قەڵادزێ لە ئیدارەی راپەڕین، کە شوێنەواری گوللەی تاپڕی پێوەبووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی نیسانی 2022، موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 11:30ی شەوی دووشەممە ئاگادارکراینەوە لە بوونی رووداوێکی گیانلەدەستدان بە گوللەی تاپڕ، دوای گەیشتنی تیمەکانمان بۆ شوێنی رووداوەکە دەرکەوت کەسێک بەناوی (هـ.م) لەدایکبووی ساڵی 1999، رەگەزی نێر، پیشەی کاسب، دانیشتووی گوندی ماخۆبزنانی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ و شوێنەواری گوللەی تاپڕ بەسەر جەستەیەوە هەبووە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر و بنکەی پۆلیسی ناحیەی سەنگەسەر گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، کە لە نزیک گوندەکە بووە، دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە رێکخراوە.
 
شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی: "هێشتا هەندێک شت لە رووداوەکە روون نییە، بەڵام کەسوکار و بنەماڵەی کەسەکە پێیانڕاگەیاندین، کە کوڕەکەیان نەخۆشیی درێژخایەنی هەبووە".