رووداو دیجیتاڵ
لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ خاوەنکاران و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، دەسەڵاتدارە تورکەکان بە درێژایی مێژوو "کاتێک دەستەبەری یەکگرتووییان لەنێوان دەوڵەت و گەلدا کردووە" بەھێزبوون.
بەرامبەر ناڕەزاییەکانی حکومەتی عێراق لەمەڕ ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵو گوتی: "رەخنەی ئەوە ئاراستەی ئێمە دەکرێت و دەگوترێت: بێ هۆکار هێرشتان کردووەتە سەر خاکی عێراق. ئێمە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پشتیوانی یەکێتیی خاکی عێراق دەکەین. ئێمە چاومان لە خاکی عێراق نییە، بەڵام ناتوانن بڵێن بێ هۆکار. باشە ئێوە قسە لەبارەی ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا دەکەن، ئەی باشە بۆچی هەڵوێستتان بەرامبەر پەکەکە نییە کە ساڵانێکە خاکی ئێوەی داگیرکردووە؟ یانیش بۆچی لە وڵاتەکەتاندا داڵدەیان دەدەن؟ ئەوان هێرشدەکەنە سەر پۆلیس، سەرباز و هاووڵاتیانی بێتاوانی ئێمە".
چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد کە تورکیا لە گۆرەپان و لەسەر مێزیش ھەیە و ھەردوو ھێزی نەرم و تووندیشی بەکارھێناوە و رایگەیاند: "کە کاتی دێت پێویستە ھێزی تووند لە گۆڕەپانەکەدا بەکاربھێنین. بۆ نموونە، ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە باکووری عێراق بۆسەر رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەستمان پێکردووە، ئەمە رەھەندێکیەتی".
رۆژی دووشەممە 18ی نیسان سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زمینی دەستیپێکرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی چڕنووک-قووفڵ باس لەوە دەکات: "ئەگەر لە دەرەوەی سنوورەکانمان، لە سووریا و باکووری عێراق ئەم هەوڵە نەدەین، سبەی ناچار دەبین لەناو خاکی خۆماندا بەرەنگاریان ببینەوە. ناچارین ئەم کارە بکەین".
چاوشئۆغڵو هەروەها رایگەیاند، تورکیا تاکە وڵاتە بەرەنگاریی هەموو جۆرەکانی تیرۆر دەبێتەوە و گوتی: "بەرەنگاری فەتۆ، داعش، ئەلقاعیدە، دەهاش-کاپەجە، یەپەگە و پەکەکە دەبینەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ