لەکۆی 20 گوندی کریستیانەکان لە زاخۆ، نۆ گوندیان چۆڵکراون

20-04-2022
یوسف موسا
لەکۆی 20 گوندی کریستیانەکان لە سنووری زاخۆ، نۆ گوندیان چۆڵکراون
لەکۆی 20 گوندی کریستیانەکان لە سنووری زاخۆ، نۆ گوندیان چۆڵکراون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە بەشێک لە گوندەکانی کریستیانەکان لە سنووری زاخۆ چۆڵکراون، یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی کە گوندی شەرانشی جێهێشتووە و لە کۆمەڵگەی بێرسف نێشتەجێبووە دەڵێت، بڕیاریداوە لەگەڵ کوڕێک و نەوەکەی بچێتە دەرەوەی وڵات.
 
ئەمیرنیسیان گۆرگیس، هاوڵاتییەکی گوندی شەرانشە و دەڵێت، دوای ئەوەی لەو گوندە بێهیوابووە و ماڵ و حاڵ و باخەکانی جێهێشتووە، چاوەڕێی تەواوبوونی خوێندنی ئەمساڵی کوڕ و نەوەکەی دەکات و دەشڵێت، "ئەوە چەند جارە خانوو دروستدەکەین، تەمەنم بووە 65 ساڵ و ئەوە جاری چوارەمە ئاوارە دەبم، ژیانم لە ئاوارەییدا بەسەربرد، لێرە نامێنین و دەچین، دەچمە ئوستڕاڵیا بۆلای کوڕەکەم."
 
لە کۆی نزیکەی 20 گوندی کریستیانەکان لە زاخۆ، نۆ گوندیان چۆڵکراون. قەشە جوونی داوود، پێنج ساڵ پێش ئیستا قەشەی 84 خێزانی گوندی شەرانش بوو، بەڵام ئێستا گوندەکە چۆڵبووە و ئەویش لەگەڵ بەشێکی خەڵکی گوندەکەی بووەتە کۆچبەر.
 
قەشە جوونی داوود بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرینەی گوندە چیاییەکان خەڵکی تێدا نەماوە، دێر داخراوە، دەمانەوێ حکومەتەکانی تورکیا، عێراق و کوردستان ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی کریستیانەکان بگەڕێنەوە و نابێت دێر چۆڵبکرێت."
 
نزیکەی چوار ساڵە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا دژی گەریلاکانی پەکەکە دژوارتر بووە و تاوەکو ئێستا خەڵکی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان قەرەبوو نەکراونەتەوە.  
 
فەرهاد مەحموود، قایمقامی باتیفا دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان نەکراوە، چونکە ئەو ناوچانە نائارامن و نەمانتوانیوە لیژنەکانی خۆمان بنێرین بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو زیانانە بکەن."
 
زیاتر لە 130 گوند لە سنووری ئیدارەی زاخۆ دەکەونە نزیک زنجیرە چیای خامتیر لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان، نزیکەی 50 گوندی سنوورەکە چۆڵکراون و خەڵکی تێدا نەماوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە