ئەحمەد سەحاف بۆ رووداو: ئەوەی تورکیا دەیکات پێشێلکاریی سەروەریی عێراقە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا دەکات و رایدەگەیێنێت، تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە هیچ جۆرە هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نەکردووە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی وڵات بۆ بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە سنووری هەرێمی کوردستان لە هەواڵەکانی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین پیشکێشی دەکات قسەیکرد، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا کرد و یاداشتێکی بە زمانێکی تووند رادەستکرد، لە یاداشتەکەدا ئاماژەمان بەوە کرد کە عێراق مافی خۆیەتی پەیوەست بێت بەو پرەنسیپانەی کە پارێزگاری لە سەروەریی عێراق و یەکێتی خاکەکەی دەکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، "تورکیا پشت دەبەستێت بە ماددەی 51ی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان و پێیوایە ئەم ماددە پاساوی پێدەدات لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستا و پێشووی دا. عێراقیش پێیوایە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەم ماددە پاساو نییە بۆ پێشلکردنی سەروەریی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە خاکەکەی رێزلێگیراوە. بەپێی ئەم پرەنسیپە، عێراق یاداشتی یاسایی خۆی پێشکێشدەکات سەبارەت بەم ماددەیەی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان."
رۆژی دووشەممە 18ی نیسان سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زمینی دەستیپێکرد.
ئەحمەد سەحاف باس لەوەش دەکات، "پێمانوایە ئەو رێکارانەی کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەیانگرێتەبەر لە چوارچێوەی بنەمای گرتنەبەری رێکارە پەسند و کارپێکراوەکان دەبن. ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوە یاداشتێکی بە زمانێکی تووند رادەستی باڵیۆزی تورکیا کرد لە بەغدا و چاوەڕێی وەڵام دەکەین لەڕێگەی کەناڵی دیپلۆماسییەوە.
بەپێی ئاماری بەرپرسانی ئیداریی سنووری پارێزگای دهۆک کە بۆ رووداو قسەیان کردووە، لە ساڵی 1991 تاوەکو ساڵی 2022 لە سنووری پارێزگاکە 380 گوند بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە چۆڵکراون.
هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە 34 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 15ی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، "ئەوەی تورکیا دەیکات پێشێلکاریی سەروەریی عێراقە، ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا زیانی گەورەی بە ژێرخانی ناوچەیەکی وڵات گەیاندووە."
ئەحمەد سەحاف ئاماژە بەوەش دەکات، "ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا نیگەرانی زۆری لای هاووڵاتییانی باکووری وڵات دروستکردووە و دەشڵێت، "ئەوەی تورکیا دەیکات پێشێلکاریی پرەنسیپی دراوسێیەتییە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق:
رووداو: وەڵامی باڵیۆزی تورکیا بۆ ئەم راگەیێندراوە و داواکارییەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق چی بوو؟
ئەحمەد سەحاف: وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوێنێ راگەیێندراوێکی دەرکرد کە تێیدا بە تەواوی سەرکۆنەی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە سەربازییەکەی لایەنی تورکیای کرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی دێت کە پێشتر کراون و ئەوانیش پێشلکاریی روونی سەروەریی عێراقن. ئەمە ئۆپەراسیۆنێكی دووژمنکارانەی دنەدانی تاکلایەنەیە و هیچ هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بۆ ئەنجامدانی نەبووە. ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا کرد و یاداشتێکی بە زمانێکی تووند رادەستکرد؛ لە یاداشتەکەدا ئاماژەمان بەوە کرد کە عێراق مافی خۆیەتی پەیوەست بێت بەو پرەنسیپانەی کە پارێزگاری لە سەروەریی عێراق و یەکێتی خاکەکەی دەکەن. لە یاداشتەکەدا باسمان لە سرووشتی ئەو رێککەوتنە کرد کە لەنێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان هەیە و بەپێی نێوەڕۆکەکەی سەرجەم چەکدارانی پەکەکە هێنراونەتەوە نێو خاکی عێراق، کەواتە ئەمە پرۆسەی هەناردەکردنی ئاڵنگاریی نێوخۆیی تورکیایە بۆ نێو خاکی عێراق. لە یاداشتەکەدا هاتووە کە عێراق رەتیدەکاتەوە ببێتە شوێنێک یان رێڕەوێک بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێی و باسمان لەوەکرد کە گرنگە هاوئاهەنگی و پەیوەندی هاوبەش هەبێت بۆ هەر کارێکی ئەمنیی هاوبەش.
رووداو: لە یاداشتەکەدا باسی ئەوەکراوە کە بوونی چەکدارانی پەکەکە، بەپێی رێککەوتنی تورکیا و پەکەکە بووە، مەبەستتان ئەو رێککەوتنەیە لەکاتی دانوستانەکانیان لە ساڵانی 2012 و 2013 کراوە، ئەی ئێستا پێتانوایە چارەسەر چییە؟ مەبەست لەم خاڵە بە دروستی ئەمەیە؟
ئەحمەد سەحاف: بە دیاریکراوی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە لەبارەی پرسێکی نێوخۆیی لەنێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان بووە بۆ ئەوەی چەکدارەکانی بهێنێتە خاکی عێراق. ئەمەش وایکردووە حکومەتی تورکیا بەردەوام عێراق دنەبدات و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بکات بەشێوەیەکی دووژمنکارانەی یەکلایانە، ئەمە بووەتە پاساوێک بۆ لایەنی تورکی کە لە لایەن عێراقەوە رەتکراوەیە، ئەمە بووەتە هۆکارێک بۆ پەلاماردارنی سەروەریی عێراق و یەکێتی خاکەکەی. ئەمجارە ئێمە باس لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی سەربازی و فرە تەکنیک دەکەین کە ئەمە ترس و زیانی بە خەڵکی سڤیل لە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە باکووری عێراق گەیاندووە، هەروەها زیانی بە ژێرخان گەیاندووە. ئەم کردە سەربازییە دووژمنکارە و دنەدانە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی قەڵاچۆکردنی تیرۆردا خێردار نییە. پێمانوایە گرنگە هاوئاهەنگی هەبێت لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا، پێویستە بەردەوامی لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و پابەندبوون بە پەرەنسیپی هاوبەش هەبێت بۆ ئاسایشی هاوبەشی نێوان هەردوولا.
رووداو: حکومەتی عێراقی فیدراڵ وردەکاری ئەوە دەزانێت کە تورکیا چەند خاکی عێراقی داگیرکردووە، ژمارەی سەربازنەکانی چەندە و لەکوێ زیاتر جێگیرن؟
ئەحمەد سەحاف: بە دڵنیاییەوە لایەنە ئەمنی و سەربازییەکان کە خۆیان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبیننەوە، کە چەندین لایەنی ئەمنی جۆراوجۆری لە پشتە، داتا و زانیاری وردیان لەو بارەوە لایە، بەوپێیەی ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و دراوسێیەتی باشە، هەموو ئەمانە بە داتا و زانیاری بە وردییەکارییەوە تۆمار و ئەرشیف کراون، بەڵام پەنابردن بۆ گفتوگۆ و هاوئاهەنگی و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان بۆ رووبەڕبوونەوەی ئاڵنگارییەکان بەشێوەیەکی هاوبەش، بنەمایەکە حکومەت عێراق پەنای بۆ دەبات. زۆر گرنگە بزانین، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی داهاتوو و ئەوەی ئێستاش بەم شێوە فراوانە لە چوارچێوەی هەناردەکردنی کێشە و ئاڵنگاری نێوخۆیی حکومەتی تورکیا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ نێو خاکی عێراق دێن. عێراق ئەو پرەنسیپە رەتدەکاتەوە، هەروەها رەتیدەکاتەوە خاکەکەی ببێتە شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ ئەو لایەن و ئەو لایەنە.
رووداو: لە راگەیێندراوەکەتان داوا دەکەن دەستبەجێ تەواوی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بکشێنەوە، ئەگەر نەکشانەوە چی دەکەن؟
ئەحمەد سەحاف: تورکیا پشت دەبەستێت بە ماددەی 51ی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان و پێیوایە ئەم ماددە پاساوی پێدەدات لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستا و پێشووی دا. عێراقیش پێیوایە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەم ماددە پاساو نییە بۆ پێشلکردنی سەروەریی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە خاکەکەی رێزلێگیراوە. بەپێی ئەم پرەنسیپە، عێراق یاداشتی یاسایی خۆی پێشکێشدەکات سەبارەت بەم ماددەیەی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان. پێمانوایە ئەو رێکارانەی کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەیانگرێتەبەر لە چوارچێوەی بنەمای گرتنەبەری رێکارە پەسند و کارپێکراوەکان دەبن. ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوە یاداشتێکی بە زمانێکی تووند رادەستی باڵیۆزی تورکیا کرد لە بەغدا و چاوەڕێی وەڵام دەکەین لەڕێگەی کەناڵی دیپلۆماسییەوە.
رووداو: ئایا هیچ داواکاری و بانگەوازێکتان بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە کە لەنێو خاکی عێراقدان؟
ئەحمەد سەحاف: ئەم بابەتە پەیوەستە بە لایەنی ئەمنییەوە، لە هاوکێشەی تێگەیشتن و ئاڵنگەرییەکان لەنێو خاکی عێراقدا، راوێژکارییەتی ئاسایشی نیشتمانی بە رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەندامێتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و لایەنە ئەمنییە پەیوەندارەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رێککەوتن کراوە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە، ئەم بەڕێوەبردنە پشتبەستووە بە بنەمای هاوبەش لەنێوان حکومەتیی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دۆزینەوەی میکانیزم و بنەما بۆ هاوئاهەنگیکردن لەبارەی دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە، هاوئاهەنگی لەنێو خاكی عێراقدا لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەرزترین ئاستدایە لەو چوارچێوەیەدا.
بەڵام ئەو ئاڵنگارییەی کە رووبەڕووی ئەو دۆسیەیە دەبێتەوە بریتیە لە ئاڵنگاریی هەناردەکردنی ئەو مەترسییە ئەمنییە؛ حکومەتیی تورکیا ئەو ئاڵنگارییە هەناردەی نێو خاکی عێراق کراوە. تورکیا لەنێو خاکی نیشتمانی ئێمەدا رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە دەبێتەوە کە ئەمەش پێشلکردنێکی روونی بنەمای دراوسێیەتی باشە و بێڕێزی و پێشلی سەروەریی و یەکێتی خاکی عێراقە، ئەمە خەڵکی سڤیلی نیشتەجێ دەخاتە دڵەڕاوکێوە لە باکووری عێراق. حکومەتی عێراقێش کە ئەو کارە پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ئێمەش لای خۆمانەوە پەنا بۆ هەموو رێکارەکان دەبەین کە گەرەنتی مافی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی بەرگری لەسەر سەروەریی و یەکێتی خاکەکەی بکات و مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە دەکات لە هەموو گۆرەپانەکان کە مافی عێراق لەم لایەنە دەستەبەر بکات.