پیاوێک لە شاری شنۆ 25 ساڵە گۆچان دروستدەکات؛ بە رێکەوت فێری بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەستا رەحمان 25 ساڵە ژیانی رۆژانەی لە کارگە بچووکەکەی نێو شاری شنۆ، بە گۆچان دروستکردن تێدەپەڕێت، پیشەیەک کە بە رێکەوت فێری بووە. وەستا رەحمان لە تەمەنی 40 ساڵی بۆ مشک دەرکردن چووەتە باخێک، لەوێ داری گونجاوی بۆ دروستکردنی گۆچان بینیوە و هەڵیگرتوون و خۆی فێرکردووە.
 
وەستا رەحمان داری دارستان و دار میوەکان دەکاتە گۆچان و نرخی گۆچانەکانی بەپێی جۆری دار و گەورەیی و بچووکییانە. نرخی گۆچانیش لەژێر کاریگەریی هەڵکشانی رێژەی هەڵاوسان، بەرزبووەتەوە؛ هەر گۆچانێک لەنێوان 100 بۆ 200 هەزار تمەندایە.
 
گۆچان، بەتایبەت گۆچانی دار، لە کۆنەوە داردەستی خەڵک بووە. زیاتر ئەوانە بەکاریدەهێنن کە تەمەنیان هەڵدەکشێت و تووشی لاق ئێشە دەبن. کەسانی نڤیشکانیش پێویستییان پێی دەبێت؛ هەروەها کەسانێک کە بۆ سەرکەوتن و داگەڕان لە بەرزاییەکان پێویستییان بە شتێک هەیە، خۆی پێ بگرنەوە و شاخەوانانیش بۆ سەرکەوتن بەسەر شوێنە سەختەکاندا کەڵکی لێوەردەگرن.
 
مێژووی بەکارهێنانی گۆچان دیار نییە، ناشزانرێت سەرەتا لە کوێوە سەریهەڵداوە، بەڵام ئەوە روونە کەوا زوو لە دەستی خەڵک ناکەوێت. دەیان جۆر گۆچانی پیشەسازیی پێشکەوتووش نەیانتوانیوە بە تەواوی جێگەی گۆچانی دار بگرنەوە.