وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: 129 پرۆژەی تەواونەکراومان هەن

19-04-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بريکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نيشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "نزیکەی 850 کیلۆمەتر رێگەی دووسایدمان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا هەیە؛ 129 پرۆژەی تەواونەکراویشمان هەن. ئەگەر پارەمان بۆ تەرخان بکرێت، 440 کیلۆمەتری دیکە رێگەی دوو سایدمان دەبێت".
 
کۆمپانیای هێمن گرووپ تەواوبوونی دوایین قۆناخی رێگەی خێرای هەولێر- دهۆکی راگەیاند. لەبارەی گرنگیی رێگاکە و پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نيشتەجێکردن بۆ رێگەوبانەکان لە هەرێمی کوردستان، ئاگرين عەبدوڵڵا، بريکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نيشتەجێکردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێگەی هەولێر- گوپاڵ یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بە کواڵیتییەکی زۆر بەرز و بە ستانداردی عێراقی و جیهانی جێبەجێکراوە، درێژییەکەی 35 کیلۆمەترە و 166 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکراوە، کە نزیکەی 204 ملیار دیناری عێراقی دەکات".
 
بە گوتەی ئاگرين عەبدوڵڵا، ئەوە بەشێکی سەرەکیی رێگەی نێوان هەولێر و دهۆکە، "کە بەشێکە لەو بەرنامەیەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە چەند ساڵێکە هەیەتی بۆ بە دوو سایدکردنی رێگە سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان".
 
جیا لەو رێگە سەرەکییەی کە ئەمڕۆ کرایەوە، بريکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نيشتەجێکردن ئاماژە بە دوو پرۆژەی دیکە دەدات کە ئێستا جێبەجێدەکرێن و دەڵێت: "هەردوو پرۆژەی رێگەی دەربەندیخان - کەلار، رێگەی کفری و کەلار کاری باشیان تێدا دەکرێت. رێگەی کەلار و کفری بە رێژەی سەروو 80٪ تەواو کراوە و رێگەی کەلار و دەربەندیخانیش رێژەی جێبەجێکردنی 55-60٪ دەبێت. هەردوو پرۆژەکە بە توانایەکی باشەوە کاریان تێدا دەکرێت. رەنگە رێگەی کفری و کەلار ئەمساڵ تەواو بێت".
 
سەبارەت بە رێگەی هەولێر و کۆیە، ئاگرين عەبدوڵڵا دەڵێ: "ساڵی رابردوو ئەو بەشە تەواوبوو کە لە کۆیەوە تاوەکو نزیکی دێگەڵە و سێڕیانی گۆمەسپان بوو؛ بەشێوەیەکی زۆرباش نۆژەنکرایەوە، سیستەمی پۆلیمەر لە قیرتاوکردنەکەی بەکارهێندرا، کە سیستەمێکی بەهێزە و رێگەکە لە تێکچوون دەپارێزێت. ئەمساڵ تەواوکەرەکەیمان خستووەتە پلانەوە تاوەکو دەگاتە کەسنەزان، کە نزیکەی 2 ملیار و 500 ملیۆنمان بۆ داواکردووە. ئومێدمان ئەوەیە لەو یاسایەی بۆ بودجە دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان ئەو پرۆژانەشی تێدا بێت. ئومێدمان وایە ئەمەش یەکێک بێت لەو پرۆژانە، چونکە وەکو وەزارەت زۆر داکۆکیمان کردووە و چاوەڕێ دەکەین رەزامەندی لەسەر بگەڕێتەوە".
 
لەبارەی ئەو رێگە دوو سایدانەی ئێستا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەن و هەروەها پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نيشتەجێکردن بۆ بە دووسایدکردنی ئەو رێگەیانەی کە پێویستن، بريکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نيشتەجێکردن گوتی: "بەپێی ئەو ئامارانەی لای ئێمە هەن، وەکو رێگەی دووساید کە تەواو بووبێت، نزیکەی 850 کیلۆمەتر رێگەی دووساید لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا هەیە. کۆمەڵێک پرۆژەی دووسایدی رێگەمان لە قۆناخی جێبەجێکردندان، کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە تەواو بکرێن، کە بڕی 2 ترلیۆن و 500 ملیاریان دەوێت و خۆیان لە 129 پرۆژەی جۆراوجۆردا دەبیننەوە. ئەگەر پارەیان بۆ تەرخان بکرێت بە درێژی 440 کیلۆمەتر رێگەی دوو سایدی دیکەمان دەبێت".
 
ئاگرين عەبدوڵڵا گوتیشی: "وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نيشتەجێکردن پلانی ساڵی 2021مان داناوە و بۆ وەزارەتی پلاندانان ناردوومانە، کە 95 ملیار دینارمان بۆ هەر چوار پارێزگاکە و دوو ئیدارە سەربەخۆکە داواکردووە بۆ دروستکردنی پرۆژەی نوێ، کە پرۆژەی گەورە و مامناوەندی تێدایە و پرۆژەی رێگەی بچووک و رێگەی گوندەکانیشی تێدایە. هەروەها داوای 285 ملیار دیناریشمان کردووە وەکو کاش بۆ بەخستنەوەگەڕی ئەو پرۆژانەی وەستاون".
 
کۆمپانیای هێمن گرووپ تەواوبوونی دوایین قۆناخی رێگەی خێرای هەولێر- دهۆکی راگەیاند و ئەمڕۆ دووشەممە 19-4-2021 بەشێوەیەکی فەرمیی لەلایەن پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان کرایەوە.
 
پرۆژەی رێگەی خێرای نێوان هه‌ولێر - گۆپاڵ، گۆپاڵ - رۆڤیا لە رێگەی دوو سایدی هەولێر - دهۆک لە ساڵی 2018 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی دانرا و هەر ئەو رۆژە دەستپێکردنی کارەکانی پرۆژەکەی راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین بەهائەدین و لۆگۆی یەکگرتوو.

یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت؛ سەڵاحەدین بەهائەدین تاکە بەربژێرە بۆ ئەمینداری گشتی

ئەمڕۆ یەکگرتووی ئیسلامی کۆنگرە دەبەستێت؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو رایگەیاند، نازانن لە کۆنگرەدا کەس خۆی بەربژێر دەکات یان نا؛ بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تاکە بەربژێر بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی تەنیا سەڵاحەدین بەهائەدینە.