پۆلیسی هەولێر: ئەو پیاوەی لە کەسنەزان گەنجێکی کوشت، دەستگیرکرا

رووداو - هەولێر
 
پۆلیسی کۆیە تۆمەتبارێکی رادەستی پۆلیسی هەولێری کرد و کە تۆمەتبارە بە کوشتنی گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ.

شەوی 10ی ئەم مانگە، تەرمی گەنجێک بەناوی "بیلال عەبدولڕەحمان" لە رێگەی کەسنەزان لە هەولێر دۆزرایەوە. هەشت رۆژ دواتر و لە 18ی ئەم مانگە تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە دەستگیرکرا.

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند "دوای ئاگادارکردنەوەمان بە بوونی تەرمێک لە رۆژی 11-4-2019 لە سنووری بنکەکەمان دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵەر چووە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت کە کەسێک بە ناوی بیلال عەبدولڕەحمان، تەمەن 28 ساڵ بەھۆی بەرکەوتنی زەبرێکی بەھێز بەسەریدا گیانی لەدەستدا".

رائید هۆگر عەزیز دەشڵێت "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کە بکەری تاوانەکە کێیە، دوای ماندووبوونێکی بێوچان بە هاوکاری بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەشی پۆلیسی کۆیە توانیان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و بۆ ئێمەی رەوانە بکەنەوە". 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا ئەو پیاوە تەمەن 47 ساڵە دانینا بەوەدا کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی گەنجەکەی کوشتووە، بەپێی مادەی 406 دەستگیرکراوە.