رووداوی ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەی لیژنەی پزیشکی لەبارەی دەستی سەنا ئاشکرا دەکات

 

رووداو - دهۆک

هیوا جەمال، پێشکەشکاری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو، سەردانی سەنای کرد لە دهۆک، ئەو منداڵەی "بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە" دەستی بڕایەوە.
 
بەرنامەی ئەمشەو (19-4-2017)ی رووداو ئەمڕۆ، کە لەلایەن هیوا جەمالەوە پێشکەش دەکرێت، تایبەتە بە ئەنجامی ئەو لیژنە پزیشکییەی بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕینەوەی دەستی سەنا عیسام پێکهێنراوە.

سەنا عیسام، کچێکی تەمەن دوو ساڵ و چوار مانگە، وەکو تەنها چارەسەر بۆ پاراستنی گیانی و تەشەنە نەکردنی نەخۆشییەکەی، دەستی بڕایەوە. باوکی دەڵێت، ئەو کاتەی کچەکەی بردووەتە نەخۆشخانەی ئاکرێ، پەرستارێک حەوت جار کانۆلای بۆ داناوە، بەڵام هەر نەیتوانیوە لە شوێنی دروست دایبنێت.

لە رۆژی 8-4-2017 دەستی سەنا عیسام دووچاری رەشداگەڕان و ئاوسان بووەوە. لیژنەیەکی پزیشکی دهۆک بڕیاری دا دەستی ببڕدرێتەوە.

پزیشکەکانی دهۆک لە سەر ئەوە هاوڕان کانۆلاکە ئاوت بووە و گوشاری لەسەر دەستی سەنا داناوە، لەبەرئەوە دوو لیژنەی پزیشکی و یاسایی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دەستبڕینەوەی سەنا پێکهێنران.