رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی شوێنەوار رەتیدەکاتەوە "کورد ئاگرپەرست بووبێت"، وەڵامی هەموو ئەو قسانەش دەداتەوە کە زەردەشتییەکان و کوردانی ئێزدی بە ئاگرپەرست ناودەبەن و روونی دەکاتەوە، "ئاگر لای ئەوان پیرۆزە، بەڵام نایپەرستن."
ساڵانە لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، کوردستانییان بە هەڵکردنی ئاگر و بەرزکردنەوەی مەشخەڵ، جەژنەکە پیرۆز دەکەن و پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن. ئاگر لای گەلانی جیهان مانا و پیرۆزیی خۆی هەیە و هەریەکەو بە شێوەیەک لێی دەڕوانێت، لەڕووی مێژوویی و شوێنەوارییشەوە، ئاگر هۆکار و یارمەتیدەری سەرەکیی پیشەسازیی جیهانی بووە.
چوارشەممە 19-03-2025 د. دڵشاد زاموا، پسپۆڕی شوێنەوار و مامۆستای زانکۆ، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، یەکەم دۆزینەوەی ئاگری بۆ کوردستان گەڕاندەوە و پێیوایە، "کوردستان یەکەم شوێنە کۆنترین بەڵگەکانی دۆزینەوەی ئاگری تێدا دۆزراوەتەوە، ئەویش ئەشکەوتی شانەدەرە کە 70 هەزار ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤەکانی شانەدەر ئاگریان نەک هەر بۆ خۆگەرمکردنەوە، بەڵکو بۆ چێشتلێنانیش بەکارهێناوە."
وەکو ئەو شوێنەوارناسە روونی دەکاتەوە، گەلانی دێرینی کوردستان هەر زوو درکیان بە گرنگیی ئاگر کردووە و لە پیشەسازیدا بەکاریان هێناوە، هەربۆیە کانزاکارییان داهێناوە.
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت، "لە کوردستان یەکەمجار کانزاکاری داهاتووە، توانیویانە پلەی گەرمیی کوورە زیاد بکەن لە 300 بۆ 900 پلە و کانزای مسیان تواندووەتەوە، دواتر سەردەمی چاخی برۆنزی داهاتووە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، چاخی ئاسنە، کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری روویدا، کە هەندێکیان بە زیانی گەلە دێرینەکانی کوردستان بوون، بۆ نموونە ئیمپراتۆریەتی میتانی لە سەدەی 16 بۆ 13ی پێش زایین، کە ئیمپراتۆریەتی گەلی خووریەکانە و یەکێکە لە باپیرانی کورد و کورد یەکێکە لەو گەلە دێرینانە، لەو سەردەمە لە کەرکووک و گەرمیان تا زۆربەی ناوچەکانی دەریای ناوەڕاستیان لەژێر دەست بوو، بەڵام چەکەکانیان برۆنز بوو، بەڵام ئاشوورییەکان و حافییەکان توانییان پلەی گەرمی بەرز بکەنەوە بۆ 1500، خاوی ئاسنیان دروست کرد و تیر و رم و قەڵغان و شمشێر و چەرخەی گالیسکەیان دروست کرد، ئەم دوو هێزە ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکانیان رووخاند و کوردستانیشیان داگیر کرد."
ئاگر لەڕووی ئایینیشەوە پیرۆزیی خۆی هەیە و تەنانەت هەندێک لە پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان ئاگریان پەرستووە، وەک د. دڵشاد زاموا ئاماژەی پێدەکات، "لە دەقەکانی میخییەکان پەیامی روون هەیە بۆ پەرستنی ئاگر، بەڵام دواتر پەیامەکانی ئاگر گۆڕاون."
زۆرجار دەگوترێت کورد ئاگرپەرست بووە، بەڵام ئەو شوێنەوارناسە، ئەمە رەتدەکاتەوە و بە "ناتۆرە" وەسفی دەکات. "تێگەیشتنەکە هەڵەیە، کورد ئاگری نەپەرستووە، ئەگەر ئایینەکانی زەردەشتی و ئێزدییەکانیش سەیر بکەین، لای ئەوان ئاگر پیرۆزە، بەڵام نایپەرستن، بە پیرۆز دانان و پەرستن دوو شتی جیاوازن و نابێت تێکەڵ بکرێن."
لەبارەی پەیامەکانی ئاگری نەورۆز، د. دڵشاد زاموا گوتی "پەیامەکانی ئاگری نەورۆز، زیاتر سیاسی و سەربازین و پەیامی راگەیاندنن، لە کۆنەوە بۆ راگەیاندنی وەرز و سەردەمێکی نوێ بەکارهاتووە، هەڵگرتنی مەشخەڵ لەسەر چیاکان و کردنەوەی ئاگر، پەیامی قۆناخێکی نوێ و نوێبوونەوەی سروشت و تێپەڕاندنی زستانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ