رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و باسی سێ تەوەر دەکات.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەکرێت.
حکومەت دەڵێت، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پێشنیازی وەزارەتی ناوخۆ بۆ درێژكردنەوەی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە داشكاندنی رێژەی (20%)ـی سەرپێچیی هاتووچۆ بۆ ماوەی 6 مانگی دیكە (لە 2025/1/1 تاوەکو 2025/6/30) تاوتوێ دەكرێت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، وەکو حکومەت دەڵێت، باسی "یەكلاییكردنەوەی كێشەی دامەزراوان لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمیشەیی و گرێبەست دەکرێت كە لە رێكکەوتی 2024/7/1ـەوە مووچەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی بەهۆی جێگیرنەبوونی میلاكی مانگی تەممووز لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بۆ نەبەستراوە".
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەش، تایبەت دەبێت بە پرسی "دەرچووانی ساڵی 2024ـی كۆلێژی پزیشكیی گشتیی زانكۆ حكومییەكان بە گوێرەی پێشنیازە هاتووەكان لە نووسراوی وەزارەتی تەندروستی بە ژمارە (30689) لە 2025/12/5".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ