داعشێک لەنێوان کفرى و خورماتوو خۆى بە سوپاى عێراق دا تەقاندەوە

رووداو دیجیتاڵ
چەند چەکدارێکی داعش، لەسەر رێگەى نێوان هەردوو قەزاى کفرى و خورماتوو، دەکەونە بۆسەیەکی سوپای عێراق و یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە.
شەوی چوارشەممە (19ـی ئادارى 2025) کاوە شێخانى، راوێژکارى پارێزگارى سەلاحەددین بۆ کاروبارى حکومەت و هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: یەکەیێکى سوپاى عێراق لە رێگەى نێوان کفرى و خورماتوو بۆسەى بۆ چوار چەکدارى داعش داناوە، لەکاتى رووبەڕووبوونەوەکەدا، یەکێک لە چەکدارەکان خۆى تەقاندووەتەوە و سێ چەکدارەکەى دیکە هەڵاتوون.
رووداوەکە لەنێوان ناحیەى سەلمان بەگ و ناوچەى قولیچاى بووە، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى پارێزگاى سەلاحەددین.
کاوەشێخانى ئاماژەى بەوەدا؛ دواى رووداوەکە پۆلیسی خۆجێیی لە ناحیەى سەلمان بەگەوە رەوانەى شوێنى رووداوەکە کراوە.
ئەو رووبەڕووبوونەوەیە لەنێوان چەکدارانى داعش و فیرقەى دووى لیواى 88ـی سوپاى عێراق بووە، کە بەرپرسیاریێتى پاراستنى ئەو ناوچەیەیان لەئەستۆدایە.
بەرپرسێکى ئەمنیی سنوورى خومارتوو، کە لەبەر هەستیاریی رووداوەکە نەیوست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە رووداوى گوت "ئەو 4 چەکدارە لە چیاى پەلکانەوە هاتوونەتە خوارەوە، تاوەکو بەسەر رێگەى نێوان کفرى و خورماتوو تێپەڕبن بەرەو چەند گوندێک، لە رێگەى کامێراى گەرمبینى سوپاى عێرقەوە ئاشکرا بوون.
بەرپرسەکە هەروەها گوتی "دیارنییە، کە بەهۆی ئەو رووداوە، زیانی گیانی لەنێو سوپای عێراقدا هەبووبێت."