رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە کەرکووک دەستگیرکران کە بەڵگەنامەى فەرمییان بۆ چەکدارانى داعش ساختە کردووە بۆ هاتووچۆکردن و شاردنەوەى ناسنامەکانیان.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19-03-2025) بڵاوکراوەتەوە، ئەو بەڵگەنامە فەرمییە ساختانەى داویانەتە چەکدارانى داعش، بۆ ئەوە بووە جوڵە و هاتووچۆیان ئاسان بکات و ناسنامەى راستەقینەیان بشارنەوە.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنیان لە سێ پارێزگەى عێراق کردووە، بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى کارى ساختەکارى دەکەن.
لە قەزاى زوبێرى پارێزگاى بەسرە، کەسێک دەستگیرکراوە کە کارى ساختەکارى کردووە و مۆر و کەرەستەى پێویستى پێ گیراوە کە تایبەت بوون بە رێگەپێدانى نەوت و گومرگى. لە بەغداش لە دوو ئۆپەراسیۆنى جیاوازدا، چەند تۆمەتبارێکى دیکەى ساختەکردن دەستگیرکران.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى رایگەیاندووە، لە بەغدا تۆڕێک دەستگیرکراوە کە وا خۆیان ناساندووە بەرپرسى حکومین و نووسراوە فەرمییەکانیان ساختە کردووە، دوو کەسى دیکە لە هەمان پارێزگا دا دەستگیرکراون کە پسپۆرن لە دزەکردنە نێو بەڵگەنامەکانى هەردوو وەزارەتى تەندروستى و نەوت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، باندەکە ئامێرى پێشکەوتوویان پێ گیراوە، کە بۆ ساختەکردنی بەڵگەنامەکان بەکاریان هێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ