مەزڵووم عەبدی و شاندی حکومەتی سووریا: هیچ پێکهاتەیەک لە رۆڵبینین لە نووسینی دەستوور دوورنەخرێتەوە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، لەگەڵ ئەو لیژنەیەی ئیدارەی سووریا کۆبووەوە، کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، بۆ تەواوکردنی رێککەوتنی نێوان ئیدارەی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، پێکهێندراوە. لە کۆبوونەوەکە جەختکرایەوە کە هیچ پێکهاتەیەک لە رۆڵبینین لە نووسینی دەستوور دوورنەخرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، بەپێی راگەیێندراوێکی فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەگەڵ لیژنەکەی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی حوسێن سەلامە، کۆبووەتەوە. رۆژهەڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و چەند ئەندامێکی هەردوولا بەشداریان لە کۆبوونەکەدا کردووە.
 
لە کۆبوونەوەکە بیروڕا لەبارەی میکانیزمی کارکردنی لیژنەکان تاوتوێ کرا، کە بڕیارە لەگەڵ دەستپێکی مانگی نیسانی داهاتوو بە شێوەیەکی هاوبەش دەست بەکار بکەن.
 
مەزڵووم عەبدی و شاندی حکومەتی سووریا لە کۆبوونەوەکە باسیان لە راگەیێندراوی دەستووری کرد و جەختیان کردەوە کە "هیچ پێکهاتەیەکی سووریا لە رۆڵبینین و بەشداریکردن لە ئایندەی سووریا و نووسینەوەی دەستوور دوورنەخرێتەوە."
 
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی هەسەدە و شاندەکەی حکومەتی سووریا باسیان لە وەستاندنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست لە سەرانسەری سووریا کرد.
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
 
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. 
 
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن. 
 
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە