رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی پێشمەرگەکانی یەکەی 70 دابەش نەکراوە. گوتەبێژی یەکەکە دەڵێت، "لە مووچەی مانگی دوو نزیکەی 200 ملیۆن دینار کورتهێنانمان هەیە."
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی 70 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە تەمویلی مووچەی مانگی دوو کە بۆ یەکەی 70 نێردراوە، نزیکەی 200 ملیۆن کورتهێنان هەیە و پێویستە چارەسەر بکرێت."
گوتەبێژی یەکەی 70 دەڵێت، "لەسەر هەمان لیستی مووچەی کانوونی دووەم، مووچەی مانگی شوبات بۆ یەکەی 70 نێردراوە، کە ناکرێت لەشکرێکی وا گەورە کە ژمارەیان نزیکەی 30 هەزار کەسە، دوو مانگ لەسەر یەک لیست مووچەی بۆ بنێردرێت."
لەبارەی هۆکاری کورتهێنانەکە، ئەحمەد لەتیف گوتی، "هەموو مانگێک مووچەی پێشمەرگەکان وەک یەک نییە، هەندێک مانگ لێبڕین هەیە، جیا لەوەش مانگی کانوونی دووەم خانەنشینیی هەندێک پێشمەرگەی گرتەوە و دواتر گۆڕانکاری بەسەردا هات و خانەنشین نەبوون."
بە گوتەی ئەحمەد لەتیف، وەزارەتی دارایی لەم کورتهێنانە ئاگادار کراوەتەوە، تاوەکو کێشەکە چارەسەر نەکرێت مووچەی یەکەی 70 دابەش ناکەن: "داوا لە وەزارەتی دارایی دەکەین لە رێگەی داهاتی ناوخۆ ئەم کورتهێنانە پڕبکەنەوە."
12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە، رۆژی دواتر دەست بەدابەشکردنی مووچەکرا.
لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هەردوو یەکەی 70 و 80 هەن. یەکەی یەکەمیان سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەوەی دیکەش پارتی دیموکراتی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ