نرخی زێڕ ئاستێکی پێوانەیی لە بەرزبوونەوە تۆمار کرد

دوێنێ کاژێر 08:21
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ دووبارە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و یەک ئۆنسەی بە 3035 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
مەترسییەکانی سەر بازرگانیی نێودەوڵەتی دوای سەپاندنی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا و شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە.
 
نرخی زێڕ تەنانەت بۆ ماوەیەک بە 3038 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نزیکبووەتەوە لە 3040 دۆلار.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) رایگەیاند، "ژینگەی ئێستای بازرگانی کە تیایدا نیگەرانی هەیە لەسەر پێناسە گومرکییەکان و گەشەی ئابووری و هەڵاوسان، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان روو لە کڕینی زێڕ بکەن."
 
واتێرێر دەڵێت، نیگەرانیی قووڵ هەیە لەسەر رەوشی ئابووریی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی مەترسییەکان بەهۆی جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکانی دۆناڵد ترەمپ.
 
بازرگانان نیگەرانن لە سەپاندنی پێناسی گومرکی بەڕێژەی 25٪ لەسەر بەرهەمی ئاسن و ئەلەمینیۆمی هاوردەکراو بۆ ئەمریکا.
 
دۆناڵد ترەمپ هەروەها بریاریداوە لە رۆژی 2 ـی مانگی داهاتووەوە، دەست بە جێبەجێکردنی پێناسی گومرکی پێچەوانە بکات لەسەر هەر وڵاتێک لە پێناسی گومرکی لەسەر کاڵای ئەمریکی داناوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆتایی بە کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی دەهێنێت و لەسەر سیاسەتی نەختی بانکەکە بڕیار دەدات.
 
بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی لە ئاستی 4.25٪ تاوەکو 4.5٪ بەجێگری دەهێڵێتەوە. بەپێی شرۆڤەکاران، بانکی ناوەندیی ئەمریکا نیگەرانە هەڵاوسان لە کۆنترۆڵ دەربچێت و دووبارە روو لە بەرزبوونەوە بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە