رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە مەترسیی لافاو لەنێو شارەکە و دەوروبەری هەیە، بۆیە لە کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 6:00ـی ئێوارە ''بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت'' لە ماڵەکانیان نەیێنە دەرەوە.
بەپێی پێشبینیی کەشناسی و شارەزایان لە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-3-2024)بارانێكی بهخوڕ و تهرزهی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دەبارێت.
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوەکەیدا دڵنیایی دەدات لەوەی؛ لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و رووداوێکی چاوەڕواننەکراو و، ''ئیدارەدانی حاڵەتی ئەو رێژە بارانبارینە زۆرەی ئەمڕۆ و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە.''
لە راگەیێندراوەکەدا پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات لە ماوەی رابردوودا بەهۆی داڕشتنی پلان و ''ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە و رێگهچارەسەری پێویست لە سنووری پارێزگاکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی روودانى لافاو و هۆکارەکانى، بەهۆیانەوە تا ئاستێکی زۆر مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو لە شارەکەمان کەمبوونەتەوە.''
هۆشدارییەکەی پارێزگای هەولێر ئەمەیە "هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان ئاگادار دەکەینەوە، لەو ماوەیەدا واتا لە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تاوەکو 06:00ـی ئێوارە، بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیێنە دەرەوە و نزیکى رووبار و ئەو شوێنانەش نەبنەوە کە ئاستی ئاویان بەرزدەبێتەوە و ئاگاداری سهلامهتی خۆیان بن."
ئەو راگەیێندراو و هۆشدارییەی پارێزگای هەولێر لەکاتێکدایە، ئەو شەپۆلی بارانە بەلێزمەیە چاوەڕوان دەکرێت روو لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بکات، بەیانیی ئەمڕۆ یەکەم شوێن دهۆکی گرتەوە و بەهۆیەوە ئاستەنگی زۆری هاتووچۆ دروست بووە، چەند ماڵێک ئاویان تێچووە و دوو کەسیش بەهۆی لافاوەوە بێسەروشوێن بوون، کە دواتر راگەیێندرا گیانیان لەدەستداوە.
پارێزگای هەولێر ئەوە بەبیر هاونیشتمانییان دەهێنێتەوە، هەموو ئەو رێگە و شوێنانەی پێشووتر لەلایەن لایەن پەیوەندیدارەکانەوە ئاگاداری بڵاوکراوەتەوە، ئوتۆمبێلەکانیان رانەگرن و بەکاریان نەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ