کەشناسێک: ئەم شەپۆلی بارانبارینە تاوەکو 26ی مانگ بەردەوام دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو بارانبارین بەردەوام بێت و بەفریش لە ناوچە شاخاوییەکان ببارێت. کەشناسێکیش ئاماژە بەوە دەکات، ئەو شەپۆلی بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە تاوەکو 26ی مانگ بەردەوام دەبێت، بەڵام چەقی شەپۆلەکە ئەمڕۆ سێشەممە بوو.
 
ئەمشەو کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بەردەوامبوونی کاریگەریی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای نێوەڕاست لەسەر هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو بارانبارین بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند بەردەوام بێت و هەندێکجاریش هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو بڕی بارانی باریو تاوەکو سبەی کاژێر 09:00ی بەیانی بە گوێرەی شارەکان بەم جۆرە بێت:
 
هەولێر: 9 تاوەکو 15 ملیمەتر
سلێمانی: 8 تاوەکو 12 ملیمەتر
دهۆک: 10 تاوەکو 16 ملیمەتر
هەڵەبجە: 10 تاوەکو 15 ملیمەتر
راپەڕین: 12 تاوەکو 16 ملیمەتر
گەرمیان: 7 تاوەکو 12 ملیمەتر
زاخۆ: 10 تاوەکو 15 ملیمەتر
سۆران: 8 تاوەکو 12 ملیمەتر
 
کەشناسی هەرێمی کوردستان بڕی بارانی باریوی لە کاژێر 09:00ی بەیانی تاوەکو 09:00ی شەو بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەم بڕەی خوارەوە باران باریوە:
 
هەولێر: 31.9 ملیمەتر
سۆران: 8.8 ملیمەتر
دهۆک: 133 ملیمەتر
زاخۆ: 49.9 ملیمەتر
سلێمانی: 11.7 ملیمەتر
 قەڵادزێ: 5.8 ملیمەتر
کەرکووک: 8.2 ملیمەتر
کەلار: 5.6 ملیمەتر
هەڵەبجە: 7.4 ملیمەتر
 
سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمشەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە بەشێوەی پچڕ پچڕ تاوەکو 26 یان 27ی مانگ بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ چەقەکەی بوو.
 
محەممەد کەمال گوتی، سبەی بەرەبەیان ئەو کەشە نامێنێت کە ئەمڕۆ هەبوو، بەڵام بارانبارین بەشێوەی پچڕ پچڕ و نمەباران تاوەکو 26 یان 27ی مانگ بەردەوام دەبێت، واتە دەکرێت هەندێک رۆژ نمەباران ببارێت و هەندێک رۆژی دیکە بارانی زیاتر.