لە لوڕستان بەهۆی لافاوەوە رێگەی پێنج گوند داخران و گوندێکیش چۆڵ کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری کەشکان و دروستبوونی لافاو، رێگەی پێنج گوندی سەر بە شاری مەعموولان داخراون. هەروەها بەهۆی مەترسیی خزینی زەوییەوە گوندێکی سەر بە شاری کۆیەشت چۆڵ کرا.
 
لە دوێنێ دووشەممەوە شەپۆلێکی چڕی بارانبارین بەشێک لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێرانیش لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دروستبوونی لافاو و خزین و رۆچوونی زەوییەوە لە پارێزگاکانی سنە، لوڕستان، ئیلام، سنە و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداریی داوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئاداری 2024 مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، "بەهۆی بارانی بەلێزمە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری کەشکان و دروستبوونی لافاو، رێگەی پێنج گوندی سەر بە شاری مەعموولان داخراون، هەروەها تۆڕی ئاوی هەر پێنج گوندەکەش پچڕاوە و ئەو گوندانە بێ ئاوی خواردنەوە ماونەتەوە."
 
لە لایەکی دیکەوە، بە بڕیاری محەممەد مورادی، قایمقامی کۆیەشت و لەبەر مەترسیی خزانی زەوییەوە، گوندی "کەمپی گەنجعەلی" چۆڵ کرا.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان، 12 خێزانی دانیشتووی ئەو گوندە بە شێوەی کاتی گوێزراوەنەتەوە میوانخانەی مەزارگەی ئیمامزادە محەممەد لە گوندی دەرب گونبەد.
 
هەروەها لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە رێگەی شارەدێی وەنایی سەر بە شاری بروجێرد بەهۆی کەوتنەخوارەوەی چەندین تاشەبەرد لە ئەنجامی بارانی بەلێزمەوە داخرا.
 
لە دوێنێ دووشەممەوە بەهۆی لێزمە بارانەوە بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جۆرە رووداوێکی نەخوازراو، ملەی ئاستانی کۆیەشت داخراوە.
 
دوێنێ پیرموحسین کولیوەند، بەڕێوەبەری رێکخراوی مانگی سووری ئێران رایگەیاندبوو، "بەهۆی ئەو شەپۆلە چڕەی بەفر و باران، کە رووی لە رۆژئاوای ئێران کردووە، داوا لە گەشتیارانی نەورۆز دەکەین تاوەکو کۆتایی رۆژی چوارشەممە 20ی ئادار، سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن."
 
عەلی ئەکبەر میحرابیان، وەزیری وزەی ئێرانیش رۆژی 17ی ئادار گوتی، لە سێ رۆژی داهاتوودا ئەگەری دروستبوونی لافاوی گەورە لە پێنج پارێزگای ئەو وڵاتە هەیە، کە ئیلام و لوڕستانیش لەخۆدەگرێت. بە گوتەی میحرابیان، بڕیاریان داوە لە وەزارەتی وزە و لەو پارێزگایانەی کە ئەگەری دروستبوونی لافاویان تێدا بەرزە، کۆمیتەی کۆنترۆڵی لافاوەکان پێکبهێندرێت.