زیانەکانی لافاوەکەی دهۆک: سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 50 ئۆتۆمبێلی بردووە
رووداو - دهۆک
بەهۆی بارانبارینی بەخووڕ لە سنووری پارێزگای دهۆک لافاو لە چەند ناوچەیەک دروستبوو. لافاوەکە هێندە بەهێز بوو لە چەند شوێنێک ئۆتۆمبێلیش خۆی لەبەریدا رانەدەگرت و لەگەڵ خۆی رادەماڵی، جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانییشی لێکەوتووەتەوە.
بەشێک لە هاونیشتمانییانی دهۆک لافاوی لەم شێوەیان لە 30 ساڵی رابردوودا نەبینیوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لافاوەکە نزیکەی 50 ئۆتۆمبێلی لە ناوچە جیاوازەکان لەگەڵ خۆی بردووە، کە زۆربەیان لە سەنتەری پارێزگاکە بوون؛ ئەمەش جگە لە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی بە رەچەڵەک عەرەب.
لە دوای ئێوارەوە جارێکی دیکە بارانی بەخوڕ دەستیپێکردەوە و لافاو دروستبووەوە، لەو سەروبەندەدا هاونیشتمانییەک کەوتە نێو ئاوەوە، کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا.
هاونیشتمانییەکە ناوی عەبدوڵڵا بیلال بووە، تەمەنی 12 ساڵ بووە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە.
تابان فازڵ، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ حەوت کەس کە بەهۆی لافاوەوە تەندروستییان تێکچووبوو و بریندارببوون، گەیێندرابوونە نەخۆشخانەکانی دهۆک و هەموویان رەوشی تەندروستییان باشە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
تەنیا لە شەقامی بارزان لە دهۆک، نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل لە شوێنی جیاجیا گیریانخوارد و خەڵک و تیمەکان بەدەمیانەوە چوون و هاوکارییان کردن.
عەلی حسام، شۆفێر چووە هاوکاریی خەڵک بکات و دەڵێت، لانیکەم شەش بۆ حەوت ئۆتۆمبێلی لەنێو لافاو رزگارکردووە.