نێرگز مانای هاتنی وەرزی بەهارە؛ بۆنی لەکاتی خۆرهەڵهاتندا هاوشێوەی نییە

20-03-2024
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
کچێک لە دەڤەری بارزان گوڵە نێرگز دەچنێتەوە. وێنە: رووداو
کچێک لە دەڤەری بارزان گوڵە نێرگز دەچنێتەوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

نێرگز جوانییەکی دیکەی پێشکێش بە سرووشتی کوردستان کردووە؛ هاوکات مانای تەواوبوونی وەرزی سەرما و سۆڵە و هاتنی وەرزی بەهارە.
 
دەڤەری بارزان نیشتمانێکە بۆ نێرگز، کچ و کاڵی گوندی ئالکان تێر بۆنن بە گوڵی نێرگز، ناوە ناوەش دەسکە نێرگزەکان بۆ دیاری دەچنن.
 
کێوی، قوتابی دەڵێت، "نێرگز بۆ دایک و باوکم دەبەمەوە، چونکە زۆر کەیفیان پێی دێت. بۆ مامۆستاکەیشمی دەبەم وەکو دیاری، بۆ قوتابخانەکەشمی دەبەم بۆئەوەی بۆنی خۆش بێت."
 
نێرگز لە هەموو ناوچەیەک ناڕوێت، بەڵکو پێویستی بە ئاو و هەوا و کەشێکی تایبەت بە خۆی هەیە. لە دێر زەمانەوە بارزانییەکان ژینگەدۆستن، تاوەکو بڵێی بایەخیش بە پاراستنی نێرگز و رواندنی رووەکە خۆڕسکەکانی دیکە دەدەن.
 
تاهیر سەلیم، هاونیشتمانی دەڵێت، بۆ پاراستنی گوندەکەیان، هەر دانیشتوویەکی گوندەکەیان ببینێت کەسێک نێرگز لە بنەوە دەردەهێنێت، "لێی قبووڵ ناکەن." ئەو کوردستان بە ماڵی خۆی دەزانێت و دەشڵێت، "بۆچی بچم، ئەم نێرگزە لەبن دەربهێنم و تەواو بێت، دواتریش نێرگزی ئێرانی و تورکی بهێندرێت؟"
 
بۆنی نێرگز لەکاتی خۆرهەڵهاتندا هاوشێوەی نییە. نێرگز لای کورد نەورۆز و نوێبوونەوە و بەهارە، زیاترین گوڵە بەهارییە کە بە دیاری پێشکێشی دۆست و ئەزیزان دەکرێت.
 
نێرگز لە زۆربەی رێگە و دووکان و بازاڕەکان دەفرۆشرێن. نەرمین ئەحمەد، گوڵفرۆش دەڵێت، "نێرگز سومبولی خۆشەویستی و کوردایەتی و نوێبوونەوەی ژیان و سرووشتە، کاتێک نێرگز پێگەیشت، هەموو درەختەکان چرۆ دەکەن و بەهار دێت، ژیانێکی نوێتر دەستپێدەکاتەوە."
 
نێرگز جگە لە جوانی و بۆنخۆشییەکەی، کەوتووەتە دێڕی دەیان هۆزانی کورد و بە دەنگی خۆشی دەیان هونەرمەندیش گۆرانی بۆ نێرگز گوتراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە