لافاو ئاستەنگی هاتووچۆی لەسەر رێگەی دهۆک – ئامێدی دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی لافاوەوە بەشێکی زۆر لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری دهۆک گیراون و پەیامنێری رووداویش دەڵێت، هاتووچۆی نێوان دهۆک – ئامێدی بەتەواوەتی پەکیکەوتووە و لافاو زیانی بە چەندین ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاندووە.
بەهۆی هەستانی ئاوی رووباری وشکەڕۆ لە کۆمەڵگەی نزارکێ، بەشێک لە هاونیشتمانییان تەنیا توانیویانە خۆیان لە لافاوەکە رزگار بکەن و هاونیشتمانییەکیش دەڵێت، ئەوە سێیەم جارە لافاو دەچێتە ماڵەکەیەوە: "هەموو جارێ خەڵک هاوکاری کردووم بۆ ئەوەی بتوانم ناوماڵ بکڕمەوە".
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بارانی بەلێزمە لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە و لە کۆمەڵگەی نزارکێ لافاو چووەتە نێو کۆمەڵێک ماڵەوە، خاوەنی یەک لەو ماڵانەی لە کۆمەڵگەی نزارکێ لافاو بە تەواوەتی چووەتە نێو ماڵەکەیەوە بە حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆکی گوت؛ "خاوەنی حەوت سەرخێزانم بەیانی لە دەوام بووم هاوسەرەکەم پەیوەندیی پێوەکردم و گوتی لافاو هاتووەتە نێو ماڵەکەمان، گوتم خۆت و منداڵەکان رزگار بکە، هەرچۆنێک بێت توانیبووی منداڵەکان رزگار بکات".
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت؛ "ئەوە سێیەم جارە لافاو دێتە نێو ماڵمانەوە، ئیتر ماندوو بووم لەوەی ئەوەندە خەڵک بێت و هاوکاریم بکات بۆ ئەوەی دیسان لە سفرەوە دەست پێ بکەمەوە".
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست حەیدەر دۆسکی کەوتووە، بەنداوێکی بچووک لە نزیک کۆمەڵگەی نزارکێ تەقیوە و ئەوەش بووەتە هۆی هەستانی لافاو لەو کۆمەڵگەیە و رێگەی سەرەکی نێوان دهۆک و ئامێدی گرتووە.
هاوکات، هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک ئاماژەی بە گیرانی رێگەی سەرەکی دهۆک – ئامێدی و زاویتە دا و لەنێو شاری دهۆکیشدا شەقام و کۆڵانەکان بەهۆی هەستانی لافاو گیراون و لە سەقامی سەرەکی بارزان ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەنێو ئاودا گیریانکردووە.