لافاو ئاستەنگی هاتووچۆی لەسەر رێگەی دهۆک – ئامێدی دروستکردووە

19-03-2024
هیدایەت جان
رێگەی دهۆک - ئامێدی.
رێگەی دهۆک - ئامێدی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی لافاوەوە بەشێکی زۆر لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری دهۆک گیراون و پەیامنێری رووداویش دەڵێت، هاتووچۆی نێوان دهۆک – ئامێدی بەتەواوەتی پەکیکەوتووە و لافاو زیانی بە چەندین ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاندووە.
 
بەهۆی هەستانی ئاوی رووباری وشکەڕۆ لە کۆمەڵگەی نزارکێ، بەشێک لە هاونیشتمانییان تەنیا توانیویانە خۆیان لە لافاوەکە رزگار بکەن و هاونیشتمانییەکیش دەڵێت، ئەوە سێیەم جارە لافاو دەچێتە ماڵەکەیەوە: "هەموو جارێ خەڵک هاوکاری کردووم بۆ ئەوەی بتوانم ناوماڵ بکڕمەوە".
 
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بارانی بەلێزمە لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە و لە کۆمەڵگەی نزارکێ لافاو چووەتە نێو کۆمەڵێک ماڵەوە، خاوەنی یەک لەو ماڵانەی لە کۆمەڵگەی نزارکێ لافاو بە تەواوەتی چووەتە نێو ماڵەکەیەوە بە حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆکی گوت؛ "خاوەنی حەوت سەرخێزانم بەیانی لە دەوام بووم هاوسەرەکەم پەیوەندیی پێوەکردم و گوتی لافاو هاتووەتە نێو ماڵەکەمان، گوتم خۆت و منداڵەکان رزگار بکە، هەرچۆنێک بێت توانیبووی منداڵەکان رزگار بکات".
 
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت؛ "ئەوە سێیەم جارە لافاو دێتە نێو ماڵمانەوە، ئیتر ماندوو بووم لەوەی ئەوەندە خەڵک بێت و هاوکاریم بکات بۆ ئەوەی دیسان لە سفرەوە دەست پێ بکەمەوە".
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست حەیدەر دۆسکی کەوتووە، بەنداوێکی بچووک لە نزیک کۆمەڵگەی نزارکێ تەقیوە و ئەوەش بووەتە هۆی هەستانی لافاو لەو کۆمەڵگەیە و رێگەی سەرەکی نێوان دهۆک و ئامێدی گرتووە.
 
هاوکات، هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک ئاماژەی بە گیرانی رێگەی سەرەکی دهۆک – ئامێدی و زاویتە دا و لەنێو شاری دهۆکیشدا شەقام و کۆڵانەکان بەهۆی هەستانی لافاو گیراون و لە سەقامی سەرەکی بارزان ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەنێو ئاودا گیریانکردووە.

 

ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک پشوو نەبووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی فەرمانبەران لە رێگەی چوون بۆ سەر دەوام و فەرمانگەکانیان ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروستبێت و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لەنێو لافاوەکەدا پەکیان بکەوێت.
 
لە بەشی رۆژهەڵاتی شاری دهۆکەوە هیچ ئۆتۆمبێلێک ناتوانێت بێتە نێو شار، بەڵام دۆخی رۆژئاوای شارەکە باشترە و تا رادەیەک هاتووچۆ لێیەوە ئاساییترە. 
 
هەر ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە لافاو بردی و گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک رایگەیاند، "توانیومانە دوو لە سەرنشینەکان رزگار بکەین".
 
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژى بەرگریى شارستانیى دهۆک بە رووداوی راگەیاند؛ "چوار کەسی عەرەب لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، کاتێک لە دهۆک لافاو بردی، دوو کەسیان رزگار کران، بەڵام دووانەکەی دیکە لافاو بردنی و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە."
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."